Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵدەدات متمانە لە یەمەن دروست بکات


مارتن گریفیت
مارتن گریفیت

نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یەمەن مارتن گریفیت وتی ئامانجی یەکەم لە خولی دانوستانەکانی ئاشتی لە نێوان هەردوو لایەنەکانی شەڕی یەمەندا دروستکردنی متمانەیە لە نێوانیاندا.

گریفیت حەز دەکات حکومەتی یەمەن کە لەلایەن سعودیەوە پشتیوانی لێدەکرێت لەگەڵ حوثییەکانی هاوپەیمانی ئێراندا پێکەوە کار بکەن بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنێک کە کۆتایی بە جەنگ بهێنێت و هەموو هێزە بیانییەکان لە خاکی یەمەندا نەمێنن و حکومەتێکی یەکگرتوویی نیشتیمانی پێک بهێنن.

هاوپەیمانێتی عەرەبی سووننە بە ڕابەرایەتی سعودیە کە لەلایەن ڕۆژئاواوە پشتیوانی لێدەکرێت دژی حوثییەکان لە ساڵی 2015 دا هاتە ناو جەنگی ناوخۆی یەمەنەوە بە مەبەستی گەڕاندنەوەی حکومەتەکەی سەرۆکی یەمەن عەبد ڕەبە مەنسوور هادی. لە دوای ئەوەوە هیچ دانوستانێکی ئاشتی سوودی نەبووە.

لەو کاتەوە ڕەوشی مرۆیی لە یەمەن بەشێوەیەکی بەرچاو خراپ بووە و 8 ملیۆن کەس توشی برسێتی بوون کە ئەوەش بووە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا و ڕووخانی ئابووری وڵاتەکە.

گریفیت وتی " گەلی یەمەن پێویستییەکی زۆری بە هیوا هەیە. دەمانەوێت هەست بکەین کە ئەو کارەی دەیکەین لە ڕۆژانی داهاتوودا هیوایەک بۆ ئەوان دروست بکات." وتیشی هەردوولا بە بەردەوامی داوایان کردووە کار بکرێت بۆ ئازادکردنی زیندانییەکان.

گریفیت وتیشی " ڕابەری حوثییەکان عەبدول مەلیک حوثی بە پەرۆشەوەیە بۆ پێشکەوتنی خێرای دانوستانەکان."

کەناڵی مەسیرەی سەر بە حوثییەکان ئاماژەی بەوەدا هاوپەیمانێتی عەرەبی بە ڕابەرایەتی سعودیە ڕێگەی نەداوە شاندی حوثییەکان گەشتی ئاسمانی بکەن بۆ جنێف. بەڵام گریفیت وتی ئەوە شتێکی ئاساییە و متمانەی بەوە هەیە کە ئەو بابەتە چارەسەر دەکرێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG