وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا پێنتاگۆن ڕایگەیاند زیاتر لە 20 وڵات ڕازیبوون بەوەی بەشداربن لە هاوپەیمانێتییەکی نوێی ئەمەریکادا بکەن کە مەبەست لێی پاراستنی هاتووچۆی کەشتییە بازرگانییەکانە لە دەریای سووردا دژی هێرشەکانی حوسییەکانی یەمەن.
وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا پاتریک ڕایدەر وتی " ئێستا زیاتر لە 20 وڵاتمان هەیە واژۆیان کردووە بۆ بەشداریکردن."
وتی " ڕێگە بە وڵاتانی دیکەش دەدەین تاوتوێی بەشداریکردنییان بکەن."
دوو ڕۆژ لەمەوبەر ئەمەریکا ئۆپەراسیۆنی پاسەوانی دەستپێکرد، وتی زیاتر لە دوانزە وڵات ڕازیبوون بە بەشداریکردن لە هەوڵێکدا کە ئەرکی ئێشکگری هاوبەشی تێدا دەبێت لە ئاوەکانی دەریای سووردا لە نزیک یەمەن.
ڕایدەر وتی وڵاتان بەپێی توانای خۆیان یارمەتیدەر دەبن لە هاوپەیمانێتییەکەدا.
بەهۆی جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسەوە لە غەززە، قەیرانەکانی ناو دەریای سوور زیاتر بوون. گروپە چەکدارییەکانی لایەنگری ئێران، وەکو حوسییەکان و حیزبوڵای لوبنان، لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەوە موشەکییان ئاڕاستەی ئیسڕائیل کردووە. هاوکات حوسییەکان هێرشەکانییان لە دەریای سوور زیاتر کردووە، هەڕەشەی ئەوە دەکەن سەرجەم ئەو کەشتییانە بکەنە ئامانج کە بەرەو ئیسڕائیل دەچن و هۆشدارییان داوە بە کۆمپانیا بازرگانییە دەریاییەکان دژی مامەڵەکردن لەگەڵ بەندەرەکانی ئیسڕائیلدا.
هێرشەکان ڕێڕەوێکی ئاویی بازرگانی سەرەکییان تێکداوە کە ئەوروپا و ئەمەریکای باکوور لەگەڵ ئاسیا بەیەکەوە دەبەستێتەوە، ئەوەش لە ڕێی کەناڵی سوێسەوە و بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی کەشتییە بارهەڵگرەکان، لە کاتێکدا کە کۆمپانیاکان هەوڵ دەدەن کەلوپەلەکانییان لە ڕێی ڕێڕەوی دیکەی دوورودرێژترەوە بگوازنەوە.
هێزی دەریایی ئەمەریکا و فەڕەنسا و بەڕیتانیا وەڵامی هێرشەکانییان داوەتەوە، ئەوەش لە ڕێی خستنەخوارەوە فڕۆکە بێفڕۆکەوان و موشەکەکانی حوسییەکانەوە. ئەو کارانەی گرتوویاننەتەبەر تەنها بەرگریکردن بووە، هەندێک لە ڕەخنەگران دەڵێن واشنتن ئەوەندە کاری نەکردووە تاوەکو حوسییەکان ناچار بکات بەردەوام نەبن لە هێرشەکانییان. ئەمەریکاش بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ دۆخەکەدا کردووە و ئاماژەی بەوە داوە نایەوێت گرژییەکانی ناوچەکە زیاتر بکات.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز