Accessibility links

سەرچاوە: ئەمەریکا فشاری خستۆتە سەر سعودیە بۆ کەمکردنەوەی گەمارۆکەی یەمەن


دوو سەرچاوەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتیان ڕێکس تیلەرسن داوای لە سعودیە کردووە گەمارۆدانەکەی یەمەن کەم بکاتەوە ئەوەش پێش چەند ڕۆژێک لەوەی هاوپەیمانێتی عەرەبی بە سەرکردایەتی سعودیە ڕایگەیاند ڕێگە بە چوونە ناوەوەی یارمەتییەکان دەدات لە ڕێی بەندەرێکی نوێیوە و فڕۆکەخانەی سەنعا بەڕووی فڕۆکەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەکاتەوە.

ڕوون نیە کە ئاخۆ فشارەکانی واشتن بۆ سەر سعودیە هۆکاری ڕاستەوخۆ بووبێتن لەپشت بڕیارەکەی سعودیەوە بەڵام ئەو داوایایەی تیلەرسن ئاڕاستەی شازادەی جێگرەوەی سعودیەی کرد یەکێک بوو لەو هەوڵانەی لەم مانگەدا دراون بۆ ئەوەی وا لە ڕیاز بکەن توندیی سیاسەتی دەرەوەی کەم بکاتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بابەتەکەوە کە داوای کرد ناوی بڵاونەکرێتەوە وتی تیلەرسن داوای کردووە گەمارۆدانەکی سەر یەمەن کەم بکرێتەوە، ئەوەش لەڕێی پەیوەندییەکی تەلەفونیەوە داوای کردووە و ماوەی 45 خولەکی خایاندووە.

یەکێک لە گەورە ڕاوێژکارانی تیلەرسن پەیوەندییە تەلەفونییەکەی نێوان تیلەرسن و شازادە ئەمیری پشتڕاستکردەوە و وتی " وەزیری دەرەوە لە چەند مانگی ڕابردوودا چەند جارێک ئەو داوایایەی لە سعودیە کردووە."

بەرپرسانی ئەمەریکی و ئەوروپی وتیان بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ فشاری خستۆتە سەر سعودییەکان بۆ ئەوەش کە ڕێگە بدەن بە سەرۆک وەزیری لوبنان سەعد حەریری بتوانێت بگەڕێتەوە بۆ بەیروت دوای ئەوەی لە چواری مانگی یانزەدا بەرەو ڕیاز ڕۆشتوو لەوێ بەبێ پێشەکی و مەرج دەست لەکارکێشانەوەی خۆی ڕاگەیاند.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG