Accessibility links

ئەمەریکا سزا دەسەپێنێت بەسەر کەس و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە چەکی کیمیایی سوریاوە


وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند ئەمەریکا سزا دەسەپێنێت بەسەر پێنج لایەن و هەشت کەسدا کە پەیوەندییان هەیە بە بەرنامەی چەکی کیمایی سوریاوە.

ئاماژەشی بەوەدا ئەو کەس و لایەنانەی کە سزاکانیان بەسەردا سەپێنراوە ڕۆڵێکی گرنگیان بینیوە لە دابینکردنی هۆکارە ئەلیکترۆنییەکان بۆ دەزگای سوریا کە پەرە بە چەکی کیمیایی دەدات.

وەکیلی وەزارەتی خەزێنە بۆ کاروباری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر سیگڵ ماندلکەر وتی " بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن سوریاوە بەو هێرشانەشەوە کە کردوویانەتە سەر منداڵ و ئافرەتی بێتاوان، هێشتا لە مێشکماندا ماون."

وتیشی " ئەمڕۆ بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانماندا بۆ ڕاگرتنی ئەو هێرشە توندانە کە ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد ئەنجامی دەدەن، ئەمەش لەڕێی بە ئامانج کردنی ئەو تۆڕانەوە کە پشتیوانی لە بەرنامەی چەکی کیمیایی سوریا دەکەن."

لەنێو ئەو کۆمپانیایانەدا کە سزاکانی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا گرتوونیەتەوە کۆمپانیای قەتەرنجییە بۆ ئەلیکترۆنیات ئەی کەی تی، سەرچاوەی ئامێری ئەلیکترۆنییە و بنکەکەی لە لوبنانە و کاری لە سوریا و میسڕ و چین و فەڕەنسادا هەیە.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا وتی ئەو کۆمپانیایە سەرچاوەی سەرەکی بنکەی گەڕان و توێژینەوە زانستیەکانە لە سوریادا و دەزگای بەرپرسە لە بەرنامەی چەکی کیمیایی.

لەنێو ئەو ناوانەدا کە سزاکان گرتوونیەتەوە ئەمیر قەتەرنجی و ماهیر قەتەرنجی و حوسام قەتەرنجی و محەمەد قەتەرنجی و میرای شاهینی تێدایە کە هەموویان پەیوەندییان هەیە بە کۆمپانیای قەتەرنجییەوە بۆ ئەلیکترۆنیات.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەدا کۆمپانیای گۆڵدن ستار هەوڵیداوە پشتیوانی پێشکەشی کارەکانی کۆمپانیای قەتەرەنجی بکات لەکاتێکدا ناوی کۆمپانیای پۆلۆ تریدنگی خستە لیستەکەوە چونکە خاوەنەکەی ئەمیر قەتەرنجییە یاخوود لەژێر دەسەڵاتی ئەودایە.

وەزارەتەکە وتیشی سزای سەپاندووە بەسەر ئەنتوان ئاجاکا و ئانی بۆرکلیان کە لە ماوەی ڕابردوودا لە ویلایەتی ماساچوسێتسی ئەمەریکا دادەنیشتن، ئەوەش بەهۆی ئەوەوە کە یارمەتی قەتەرەنجیان داوە لە دابینکردنی ئامێرە ئەلیکترۆنییە ئەمەریکییەکاندا بۆ کۆمپانیاکە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG