Accessibility links

ئەمەریکا سزا دەسەپێنێت بەسەر نوێنەری ئێران لە بەغداد و دوو بەرپرسی حیزبوڵای لوبنانیدا


وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا ستیڤن منوچن
وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا ستیڤن منوچن

ئەمەریکا سزای سەپاند بەسەر نوێنەری ئێران لە بەغداد ئیرەج مەسجدی بەهۆی ئەوەی هەوڵیداوە وەکو جەنەڕاڵێک لە سوپای پاسدارانی ئێران " سەقامگیری عێراق تێک بدات "، هەروەها سزاشی سەپاند بەسەر دوو ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی حیزبوڵای لوبنانیدا.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا وتی " مەسجدی ڕاوێژکارێکی متمانە پێکراوی سەرکردەی پێشوی فەیلەقی قودس قاسم سولەیمانی بووە."

سەپاندنی سزا بەسەر نوێنەری ئێراندا لە عێراق لەکاتێکدا دێت ئەمەریکا هەڵوێستەکانی توندتر کردۆتەوە سەبارەت بە هێرشە موشەکیەکانی سەر باڵیۆزخانەکەیان بەرژەوەندییەکانی دیکەیان لە عێراقدا، کە گروپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێران بە بەرپرس لەو هێرشانە دادەنێن.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا وتی " مەسجدی سەرپەرشتی بەرنامەیەکی پێدانی مەشقی کردووە بە میلیشیا عێراقییەکان و پشتیوانی لێکردوون، هەروەها سەرکردایەتی یاخود پشتیوانی ئەو گروپانەی کردووە کە بەرپرسن لە هێرشەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە عێراقدا."

وتیشی " مەسجدی بە سوود وەرگرتن لە پۆستەکەی توانیویەتی بەشێوەیەکی شاراوە پارە بۆ فەیلەقی قودس بگوازێتەوە."

وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا ستیڤن منوچن وتی " ڕژێمی ئێران هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایش و سەروەری عێراق، بەوەی کە بەرپرسانی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران وەکو نوێنەر لە ناوچەکەدا دادەنێت بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتی دەرەوەی ئێران کە سەقامگیری ناوچەکە تێک دەدات."

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا سزای بەسەر دوو بەرپرسی باڵای حیزبوڵای لوبنانیشدا سەپاند کە هەردووکیان ئەندامن لە ئەنجومەنی ناوەندی حیزبەکە.

وەزارەتەکە وتی " سزاکان هاوکاتن لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵیادی 37 ساڵەی هێرشەکەی حیزبوڵا بۆ سەر بنکەی هێزی دەریایی ئەمەریکا لە بەیروت لە 23 ی مانگی 10 ی ساڵی 1983 دا."

لەو ڕۆژەدا لە تەقینەوەیەکی بەهێزدا کە بووە هۆی لەناوبردنی بنکەکەیان، 241 سەربازی ئەمەریکی کوژران.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG