Accessibility links

بازرگانی نێوان تورکیا و ڕووسیا کاریگەریی هەڕەشەی سزاکانی ئەمەریکایان لەسەر دروست بووە


حەوت سەرچاوەی نزیک لە بابەتەکەوە دەڵێن هەڕەشەیەکی ئەمەریکا بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ئەو کۆمپانیا بازرگانییانەدا کە کار لەگەڵ ڕووسیادا دەکەن بازرگانی نێوان تورکیا و ڕووسیای کەمکردووەتەوە، هەندێک لە پارەدانەکانی بۆ نەوتی هاوردەی ڕووسیایی و هەناردەکانی تورکیا بۆ ڕووسیا تێکداوە یاخود خاوی کردوونەتەوە.

سەرچاوەکان وتییان فەرمانە جێبەجێکارەکەی مانگی دوانزەی ئەمەریکا بە ڕوونی وزەی نەکردە ئامانج بەڵام هەندێک لە پارەدانی تورکیای بۆ نەوتی خاوی ڕووسیا و پارەدانی ڕووسیای بۆ هاوردەکردنی کەلوپەل لە تورکیاوە ئاڵۆز کردووە.

سزاکانی ئەمەریکا ئامانج لێیان کەمکردنەوەی داهاتی کرێملنە و تێکدانی جەنگەکەیەتی لە ئۆکرانیادا، بەبێ ئەوەی بە تەواوەتی هەناردەی نەوتی ڕووسیا بۆ بازاڕەکانی جیهان قەدەغە بکات، ئەوەش لە هەنگاوێکدا بۆ خۆبەدوورگرتن لە زیادبوونی نرخەکانی بەنزین لە ئەمەریکادا لە کاتێکدا کە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن دەیەوێت جارێکی دیکە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە مانگی یانزەدا هەڵبژێردرێتەوە.

بەپێی بازرگانانی نەوت، ئەو کێشەیەی ڕووبەڕووی تورکیا بووەتەوە لە پارەدان بۆ نەوتەکەی ڕووسیا ڕووبەڕووی هیندستان و ئیماڕات و چینیش بووەتەوە.

ڕووسیا گەورەترین هەناردەکاری نەوتی خاو و سوتەمەنییە بۆ تورکیای ئەندام لە ناتۆدا کە هەژارە لە وزەدا، ساڵی ڕابردوو لە مانگی یەکەوە تاوەکو مانگی یانزە ڕووسیا 8.9 ملیۆن تەنی مەتریی لە نەوتی خاو و 9.4 ملیۆن تەنی مەتریی لە دیزڵ لە ڕێی دەریای ڕەشەوە گواستووەتەوە بۆ تورکیا.

چوار لە سەرچاوەکان وتییان کێشەی پارەدان کە ڕووبەڕووی تورکیا بووەتەوە، بەهۆی بانکە تورکییەکانەوەیە کە پێداچوونەوە بە کارەکاندا دەکەن و ڕێوشوێنە یاساییەکانییان لەگەڵ کڕیارە ڕووسییاییەکاندا توندتر کردووەتەوە. دوو سەرچاوەی پیشەسازی نەوت وتییان ئەوە نەبووەتە هۆی تێکدانی هاوردەکردنی نەوتی خاوی ڕووسیا، بەڵام بووەتە هۆی دواکەوتنی چەند بارێکی کەمی نەوت.

سەرچاوەیەکی نزیک لە کۆمپانیایەکی گەورەی نەوتی ڕووسیاوە وتی هەناردەکارانی نەوتی ڕووسیا ماوەی دوو بۆ سی هەفتەیە پارەیان لە تورکیاوە بە دەست نەگەیشتووە.

سەرچاوەیەکی تورکی کە ئاگاداری کێشەی پارەدانەکەیە، دەڵێت " ئێستا قورس بووە پارەی ئەو وزەیەی لە ڕووسیای دەکڕین بیدەین بە ڕووسیا، بە تایبەتی دوای هەڕەشەی سزا نوێیەکان لە مانگی دوانزەدا. هەندێک لە پارەدانەکان تێکچوون."

سەرچاوەکە وتی " سەرەتا ڕێککەوتن لەسەر ئەوە کرا شێوازی پارەدانەکە دەبێت بگۆڕدرێت یاخود پارەدانەکە دوابخرێت، بەڵام بارەکان بەردەوام دەگەیشتن. ڕەنگە کێشەی یەک دوو بار هەبێت."

سەرچاوە پیشەسازی و داراییەکان کە باسییان لە کێشەکانی پارەدان کردووە نەیانویستووە ناوییان ئاشکرا بکرێت، ئەوەش بەهۆی ئەوەی مۆڵەتی ئەوەیان نیە باس لەو بابەتە هەستیارە بکەن.

سەرچاوەیەکی پیشەسازی نەوتی تورکیا وتی " کێشەی پارەدان دوای مانگی دوانزە دەستی پێکرد. سەنگەکە لەسەر هاوردەکردنی نەوت نیە، بەڵام ناخۆشە. کاریگەریی لەسەر کاری ڕۆژانە دروست نەکردووە بەڵام ئەوەمان بیر دەخاتەوە کە هەر کاتێک بێت ڕەنگە کێشەیەک دروست بێت."

تورکیا دژایەتی سزاکانی ڕۆژئاوای کردووە بۆ سەر مۆسکۆ و لە هەمان کاتیشدا ڕەخنەی لە داگیرکارییەکەی ڕووسیا گرتووە لە ئۆکرانیادا. تورکیا توانیویەتی لە ماوەی جەنگەکەدا پەیوەندییە نزیکەکانی لەگەڵ مۆسکۆ و کیێڤیشدا بپارێزێت.

ساڵی ڕابردوو ئەمەریکا فشارەکانی زیاتر کرد بۆ ڕاگرتنی هەناردەکردنی ئەو کەلوپەلانەی کە ڕووسیا دەتوانێت لە گۆڕەپانی جەنگەکەدا بەکارییان بهێنێت، هەروەها هۆشداریدایە بانک و کۆمپانیاکانی تورکیا و وتی دەکرێت ڕووبەڕووی سزای لاوەکی ئەمەریکا ببنەوە.

دروستبوونی کێشە لە پارەداندا لە نێوان ڕووسیا و تورکیا دوای ئەوە دەستیپێکرد سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە 22 ی مانگی دوانزەدا فەرمانێکی جێبەجێکاری واژۆ کرد کە تێیدا هەڕەشە لەو کۆمپانیایانە دەکات کە یارمەتی ڕووسیا دەدەن لە خۆدزینەوە لە سزاکان و ئاماژە بەوە دەدات مەترسی ئەوەیان لەسەر دەبێت سەرمایەکانییان لە سیستمی دارایی ئەمەریکادا لە دەست بدەن.

لە فەرمانەکەدا هاتووە دەڵێت ئەو دامەزراوە داراییانەی کە لە بری ئەوانە کاردەکەن کە سزای ئەمەریکایان لەسەرە لە مەترسیدان.

لە 1 ی مانگی دوودا کرێملن وتی ئاگاداری ئەوەیە کە بانکەکانی تورکیا یاساکانیان لەسەر کڕیارە ڕووسیاییەکان توندتر دەکەنەوە بەهۆی فشارە " دوژمنکارانەکەی " ئەمەریکاوە، وتیشی لەگەڵ تورکیادا کاردەکەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەر.

فەرمانڕەوای بانکی ناوەندی ڕووسیا ئیلڤیرا نابیولینا ڕۆژی هەینی وتی قورسایی زیاتر دروست بوون لە پارەداندا بۆ بازرگانییە دەرەکییەکان.

کارمەندێکی بانکێکی تورکیا وتی بانکەکانی تورکیا بەهۆی سزاکانەوە ڕێوشوێنێکی " وردبینی توندییان " گرتووەتەبەر و بەشەکانی پابەندبوون لە نزیکەوە شیکاری بۆ هەموو گواستنەوەیەکی پارە دەکەن.

بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە ڕۆیتەرزی وت دڵخۆش بوون بەو ڕاپۆرتانەی کە گوایە بانکەکانی تورکیا ڕێوشوێنەکانییان بۆ کڕیارە ڕووسیاییەکان توندتر کردووەتەوە.

وتی " فەرمانەکەی 22 ی مانگی دوانزەی سەرۆک لەسەر سزاکانی ڕووسیا دووبارە جەختی لەوە کردەوە کە پێشتر ئاماژەمان پێدابوو: دامەزراوە داراییە بیانییەکان بەرپرسن لەوەی دڵنیا ببنەوە لەوە هیچ پارەیەک نەگوازنەوە کە سوودی بۆ سوپای ڕووسیا هەبێت یاخود کاربکەن بۆ خۆدزینەوە لە ڕێوشوێنەکانی ئێمە."

بەرپرسەکە وتی " لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا گفتوگۆیەکی چڕمان کردووە لەگەڵ هاوبەشە تورکییەکانماندا. هەر کاتێک داتای بازرگانی مانگی یەکمان بە دەست گەیشت شیکارییان بۆ دەکەین و بە پەرۆشەوەین بۆ بەردەوامیدان بەو گفتوگۆیانە."

بەپێی داتا سەرەتاییەکان، هاوردەکردنی نەوتی ڕووسیا لەلایەن تورکیاوە لە مانگی یەکدا بە ڕێژەی لە سەدا 39 کەم بووەتەوە، کە دەکاتە 631 ملیۆن دۆلار. ساڵی ڕابردوو ئەو ڕێژەیە لە سەدا 16.9 بەرز بووەوە کە دەکاتە 10.9 ملیار دۆلار. هاوردەکردنی کەلوپەلیش لە تورکیاوە لەلایەن ڕووسیاوە لە مانگی یەکدا بە ڕێژەی لە سەدا 20.2 دابەزیوە کە دەکاتە 4 ملیار دۆلار. لە ساڵی 2023 دا ئەو ڕێژەیە لە سەدا 22 بوو کە دەکاتە 45.6 ملیار دۆلار.

لە ساڵی 2022 دا هاوردەکردنی نەوتی خاو لە ڕووسیاوە دوو هێندە زیادیکردبوو و بەرز بووەوە بۆ 12 ملیۆن تەن. لە مانگی یەکەوە تاوەکو مانگی یانزەی ساڵی 2023 8.9 ملیۆن تەن نەوت گواستراوەتەوە بۆ تورکیا.

بەڵام سەرچاوەکان دەڵێن کاریگەرییە زۆرەکەی سزاکان لەسەر بەرهەمە نا نەوتییەکانە.

سەرچاوەی یەکەم کە نزیکە لە بابەتەکەوە وتی " هەناردەکردنی ئامێرەکان بە تایبەتی، وەستاون، چونکە هاوشێوەی کەلوپەلی سەربازین."

سەرچاوەکە وتی " کێشە ڕاستەقینەکە لەسەر ئەو پارەدانەی تورکیا نیە، بەڵکو لەسەر ئەو پارەیەیە کە تورکیا وەریدەگرێت. ئەمە دوودڵییەکی بەرچاوی بانکە تورکییەکان دەردەخات بەرامبەر سزاکان."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG