Accessibility links

ڕووسیا دەڵێت گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمەریکا سەبارەت بە گۆڕینەوەی زینداییەکان بەردەوامن


وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ماریا زاخارۆڤا دەڵێت گفتوگۆکانی نێوان ئەمەریکا و ڕووسیا سەبارەت بە گۆڕینەوەی زیندانییەکان بەردەوامن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ئەنجامێکییان نەبووە.

ڕۆژی چوارشەممە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن وتی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤدا قسە دەکات و داوای لێدەکات وەڵامی پێشنیارەکەی ئەمەریکا بدەنەوە بۆ ئازادکردنی هاوڵاتییەکی ئەمەریکی کە لە ڕووسیا دەستبەسەرکراوە.

بلینکن وتی ئەمەریکا پێشنیارێکی کردووە بۆ ڕووسیا تاوەکو یاریزانی باسکەی ئەمەریکی بریتنی گراینەر و هاوڵاتییەکی دیکەی ئەمەریکی پۆڵ ویلان ئازاد بکات.

بریتنی گراینەر بە تۆمەتی پەیوەست بە دەرمانەوە لە مانگی دوودا لە فڕۆکەخانەی مۆسکۆ دەستبەسەرکرا و ڕۆژی چوارشەممە لە دادگاییکردنەکەیدا قسەی کرد.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بابەتەکەوە وتی حکومەتی ئەمەریکا پێشنیاری کردووە گراینەر و ویلان ئازاد بکرێن و لەبەرامبەریشدا ئەمەریکا بازرگانی چەکی ڕووسی ڤیکتۆر بۆت ئازاد دەکات.

بلینکن وتی " چەند هەفتەیەک لەمەوبەر پێشنیارێکمان خستە سەر مێزی گفتوگۆکان تاوەکو کارئاسانی بکەین بۆ ئازادکردنیان. حکومەتەکانمان چەند جارێک ڕاستەوخۆ قسەیان لەسەر پێشنیارەکە کردووە."

وتەبێژی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جۆن کیربی بە ڕۆژنامەنووسانی وت " سەرۆکی ئەمەریکا و تیمەکەی هەنگاوی نائاسایی دەنێن تاوەکو ئەوان بگەڕێنێتەوە."

ئەگەر پەیوەندییە تەلەفونییەکەی نێوان لاڤرۆڤ و بلینکن ئەنجام بدرێت ئەوا یەکەمین پەیوەندیی تەلەفونی دەبێت لەنێوان دوو وەزیرەکەدا لە 15 ی مانگی دووەوە، هەفتەیەک پێش ئەوەی ڕووسیا هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا دەست پێبکات.

بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن ئارەزووی ئەمەریکا بۆ گۆڕینەوەی زیندانییەکان هۆکاری ئەوە بووە کە ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە داوای پەیوەندییەکی تەلەفونی کردووە لەگەڵ لاڤرۆڤدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز، فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG