Accessibility links

واشنتن بەنیازە سزا بەسەر ڕوسیادا بسەپێنێت


تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن ئاماژەی بەوەدا بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ئامادەکاری دەکات بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ڕوسیادا، ئەوەش بەهۆی ژەهراویکردنی ڕابەری ئۆپۆزسیۆنی ڕوسیا ئالێکسی ناڤاڵنی و زیندانیکردنیەوە.

سی ئێن ئێن لە زاری بەرپرسانی بەڕێوبەرایەتیەکەی ئەمەریکاوە بڵاویکردەوە ئەمەریکا لەگەڵ یەکێتی ئەوروپادا هەماهەنگی دەکات بۆ دیاریکردنی وردەکاری و کاتی سەپاندنی سزاکان.

سی ئێن ئێن وتی بەپێی یەکێک لە بەرپرسەکە، یەکێک لەو بژاردانەی لەبەردەستدان دەرکردنی فەرمانێکە بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ڕوسیادا بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانیەوە بۆ سەر پڕۆسەی دیموکراسی لە ئەمەریکا و ئەو هێرشە ئەلیکترۆنیانەی کە کۆمپانیای " سۆلار ویندزیان " کردە ئامانج، هەروەها بەهۆی ئەوەشەوە کە ڕوسیا خەڵاتی دانابوو بۆ کوشتنی سەربازانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان.

لەلای خۆیەوە یەکێتی ئەوروپا سزادانی چوار بەرپرسی باڵای ڕوسیای پەسەند کردووە، لەکاتێکدا شارەزایانی مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی دەکەن لەسەر پڕۆسەی ژەهراویکردنی ئالێکسی ناڤاڵنی و داواش دەکەن بەزووترین کات ئازاد بکرێت.

مانگی ڕابردوو بەرپرسانی ڕوسیا ئالێکسی ناڤاڵنیان دەستگیرکرد، ئەمەش دوای ئەوەی ناڤاڵنی دوای وەرگرتنی چارەسەری تەندروستی لە ئەڵمانیاوە گەڕایەوە مۆسکۆ.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG