Accessibility links

جەنەڕاڵێکی ئەمەریکی دەڵێت ڕووسیا موشەکی بڵاوکردۆتەوە هەڕەشەیە بۆ سەر ناتۆ


جەنەڕال پۆڵ سیلڤا جێگری سەرۆک ئەرکانی سوپای ئەمەریکا وتی ڕووسیا موشەکی جۆری کروزی بڵاوکردۆتەوە کە لە زەوییەوە دەهاوێژرێت و هەڕەشەیە بۆ سەر ناتۆ.

ئەمە یەکەم تاوانبارکردنی ئاشکرایە لە لایەن سوپای ئەمەریکاوە سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە موشەکە. مانگی ڕابردوو چەند ڕاپۆرتێک باسیان لەوە کرد ڕوسیا بەنهێنی موشەکی کروزی جۆری SSC-8 ی بڵاوکردۆتەوە ئەوەی پەرەی پێداوە و لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەند جارێک تاقیکردۆتەوە سەرەڕای سکاڵاکانی ئەمەریکا بەوەی ئەو کارە بەندی نێو پەیمانـنامەی چەکی ئەتۆمی مامناوەندی ساڵی 1987 پـێشێل دەکات.

سیلڤا لە دانیشتنێکی لیژنەی هێزە چەکدارەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران وتی " سیستمەکە خۆی هەڕەشەیەکی مەترسیدارە لەسەر زۆربەی تواناکانمان لە ئەوروپا و پێمان وایە ڕوسیا بە ئەنقەست بڵاویکردۆتەوە بۆ ئەوەی هەڕەشەیەک دروست بکات لەسەر هاوپەیمانانی پاسفیک."

هەروەها سیلڤا وتی ئەمەریکا باسی لەو بابەتە کردووە لەگەڵ ڕوسیادا، بەڵام باسی لە بژارەکان نەکرد ئەگەر هاتوو گفتوگۆکان هیچ ئەنجامێکیان نەبێت.

شایەنی باسە مانگی پێشوو سەرۆک دانۆڵد ترامپ لە چاوپێککەوتنێکدا بە ڕۆیتەرزی وت کاتێک لەگەڵ ڤلادیمێر پوتندا کۆدەبێتەوە باس لە پرسی بڵاوکردنەوەی موشەکی لەگەڵدا دەکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG