Accessibility links

گۆرباچۆڤ هۆشیاری دەدات لەسەر گەڕانەوە بۆ جەنگی سارد


سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا ڕۆناڵد ڕیگان و ڕابەری یەکێتی سۆڤییەت میخائیل گۆرباچۆڤ

کۆتا ڕابەری یەکێتی سۆڤییەت میخائیل گۆرباچۆڤ هۆشیاریدا لە زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ڕوسیا و ئەمەریکا و وتی جەنگی سارد نابێت جارێکی دیکە دووبارە ببێتەوە.

جێی ئاماژەیە گۆرباچۆڤ لە ساڵەکانی هەشتاکاندا کاتێک کە ڕابەری یەکێتی سۆڤییەتی جاران بوو هەوڵێکی زۆری دەدا سنوورێک بۆ خۆپڕچەککردن دابنێت و یارمەتیدەریش بوو لە کۆتایی هێنان بە جەنگی سارد.

گۆرباچۆڤ لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە جەنگی سارد وتی " دەبێت خۆمان بەدووربگرین لەوە، نەک تەنها جەنگی سارد. دەبێت بگەین بەو ئاسۆیەی کە دامانناوە. دەبێت بۆ هەتا هەتایە خۆمان بەدووربگرین لە جەنگ. گرنگترین شت ئەوەیە چەکی ناوەکیی داماڵین و نەیهێڵین."

مانگی ڕابردوو گۆرباچۆڤ ڕەخنەی لە هەڵوێستی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ گرت کە هەڕەشەی کشانەوەی لە پەیماننامەی هێزی ناوەکیی مەودا ناوەند کرد کە لە ساڵی 1987 دا گۆرباچۆڤ و سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمەریکا ڕۆناڵد ڕیگاندا واژۆ کرا.

گۆرباچۆڤ وتی " باوەڕم وایە کە دەتوانین ڕێگە نەدەین جەنگ هەڵبگیرسێت. هەموو شتێک دەکەم لەپێناو ئەوەدا، مەترسیدارتر لەوە ئەوەی بگەڕێینەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و دووبارە دەستکردنەوە بەکێبڕکێی خۆپڕچەککردن. ئەوان بەشێوەیەک باس لە جەنگی ناوەکیی دەکەن کە جێی قبوڵکردن بێت. ئامادەکاری بۆ دەکرێت و گفتوگۆ لەسەر سیناریۆکانی دەکرێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG