Accessibility links

واشنتن: تیلەرسن و لاڤرۆڤ ڕێکەوتن لەسەر بەردەوامی پێدانی هەوڵە سیاسییەکان سەبارەت بە کۆریای باکوور


وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هێثەر ناورێت وتی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕێکس تیلەرسن و هاوتا ڕوسیەکەی سێرجی لاڤرۆڤ ڕێکەوتوون لەسەر بەردەوامی پێدانی هەوڵە سیاسییەکان دژی بەرنامە ناوەکییەکەی کۆریای باکوور و جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە هەردوو وڵاتەکە دژی ئەوەن پیۆنگیانگ چەکی ناوەکی هەبێت.

ناورێت لە بەیاننامەیەکدا وتی دوو وەزیرەکە لەڕێی تەلەفونەوە قسەیان کردووە دوای ئەوەی ئەمەریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان سزای نوێیان سەپاند بەسەر کۆریای باکووردا. وتیشی " دوو وەزیرەکە باسیان لە ترسی ئەوە کردووە کە بەرنامە ناوەکییەکەی کۆریای باکوور دەبێتە هۆی ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا و جەختیان لەسەر ئەوەش کردۆتەوە کە نە ئەمەریکا و نە ڕوسیاش قبوڵی ناکەن کۆریای باکوور چەکی ناوەکیی هەبێت."

وتیشی هەردوولا ڕێکەوتوون لەسەر بەردەوامی پێدانی هەوڵە سیاسییەکان بۆ پاککردنەوەی نیمچە دوورگەی کۆریا لە چەکی ناوەکیی.

جێی ئاماژەیە ڕۆژی سێشەممە جارێکی دیکە ڕوسیا ڕۆڵی نێوەندگیری پێشکەش کرد بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و کۆریای باکوور کە بۆتە هۆی دروستبوونی ترسی هەڵگیرسانی جەنگێکی دیکە لە نیمچە دوورگەی کۆریا.

هەروەها ڕوسیا ئاماژەشی بەوەدا لاڤرۆڤ بە تیلەرسنی وتووە وتارە دوژمنانەییەکەی واشنتن و زیادکردنی هێزەکانی لە ناوچەکەدا گرژییەکان زیاتر دەکات و جێی قبوڵکردن نیە.

هەروەها ناورێت وتی دوو وەزیرەکە باسیان لە توندوتیژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کردووە و تیلەرسن داوای لە ڕوسیا کردووە توندوتیژییەکان کەم بکاتەوە. هەروەها باسیان لە ڕەوشی سوریاش کردووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG