Accessibility links

واشنتن سزا بەسەر پێنج ڕوسیدا دەسەپێنێت بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤەوە


بەرپرسانی ئەمەریکی سەپاندنی سزایان بەسەر پێنج ڕوسیدا ڕاگەیاند بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤەوە، بەهۆی کوشتنی یەکێک لە ڕابەرانی ئۆپۆزسیۆن و ئەشکەنجەدان و کوشتنی هاوڕەگەزبازەکانەوە لە چیچان.

ئەم هەنگاوەی ئەمەریکاش دوای چەند ڕۆژێک لە کۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆ دێت.

لەمیانەی پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی بۆ کۆنگرێس لە چوارچێوەی " یاسای مانییتسکی " دا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕێوشوێنی گرتەبەر دژی پێنج کەس و لایەنێکی ڕوسی. یاسای مانییتسکی ڕێگە دەدات کۆتوبەند بخرێتەسەر کەس و لایەنە ڕوسییەکان لە ئەمەریکا کە تۆمەتبارن بە تۆمەتی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و سڕکردنی سەروەرت و سامانەکانیان لە ئەمەریکادا.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی " ناوی ئەو کەسانە خراونەتە لیستی مانییتسکیەوە چونکە ئەوا بەرپرسن لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و کوشتنی ڕابەری ئۆپۆزسیۆنی ڕوسی بۆریس نیمتسۆڤ و ئەشکەنجەدان و کوشتنی هاوڕەگەزبازەکان لە کۆماری چیچان."

جێی ئاماژەیە نیمتسۆڤ ڕۆڵێکی گرنگی بینیوە لە دژی پوتن و جێگری سەرۆک وەزیری ڕوسیا بووە لەو کاتەدا کە بۆریس یێڵستین سەرۆکی ڕوسیا بووە،لە ساڵی 2015 دا لە نزیک پردێکەوە لە تەنیشت کرێملن بە چوار فیشەک کوژرا.

لەنێو ئەو کەسانەدا کە سزاکان دەیانگرێتەوە ڕابەری چیچانییەکان ڕەسلان گیریمیێڤی تێدایە کە نزیکە لە سەرۆکی چیچان ڕەمەزان قەدیریڤەوە. گیریمییڤ بەتۆمەتی ئەوەی دەستی هەبووە لە کوشتنی نیمتسۆڤدا تۆمەتبار کراوە.

هەروەها بەرپرسانی ئەمەریکی دوو ڕوسی دیکە تۆمەتبار دەکەن بەوەی کە نهێنی ڕاستیی دەستگیرکردنی سێرگەی مانیتسکی و کوشتنەکەیان شاردۆتەوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا مۆرگان ئۆرتاگۆس لە بەیاننامەیەکدا وتی " دوای نزیکەی دە ساڵ لە مردنی، هێشتا نیگەرانین لەسەر ئەوەی بکوژەکان هیچ لێپرسینەوەیەکیان لەگەڵدا نەکراوە لەچوارچێوەی ئەو تاوانە و کۆمەڵێک تاوانی دیکەدا دژی چالاکەوان و ڕۆژنامەنووسان و ئۆپۆزسیۆنە سیاسییەکان."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG