Accessibility links

کۆشکی سپی : زانیارییەکانی ئەمەریکا یارمەتی ڕوسیایان داوە بەرپەرچی هێرشێکی تیرۆریستی گەورە بدەنەوە


کۆشکی سپی ڕایگەیاند دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا پێشوەخت ڕوسیای ئاگادار کردۆتەوە سەبارەت بە پلانی هێرشێکی تیرۆریستی گەورە لە سان پیتەرسبێرگ، بەهۆی ئەو زانیارییەوە مۆسکۆ توانی بەرپەرچی هێرشە تیرۆریستییەکە بداتەوە کە دەیتوانی ژمارەیەکی زۆر خەڵک بکوژێت.

کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن پەیوەندیی بە سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپەوە کردووە و سوپاسی کردووە بۆ ئەو ئاگادارکردنەوە پێشوەختەی کە دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا دابووی بە ڕوسیا سەبارەت بە پلانی هێرشێکی گەورە لە سان پیتەرسبێرگی ڕوسیا."

لەلای خۆشیانەوە کرێملن ڕایگەیاند ئەو زانیارییانەی دەزگای هەواڵگری ناوەندیی ئەمەریکا داویەتی بە دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسای ڕوسیا بوونەتە هۆی دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی کە ویستوویانە هێرشەکە ئەنجام بدەن و پێش ئەوەی بتوانن پلانەکەیان جێبەجێ بکەن دەستگیرکراون.

کرێملن لە بەیاننامەکەدا وتیشی ئەو هێرشەی کە بەرپەرچ دراوەتەوە مەترانخانەی کازانسکی لە سان پیتەرسبێرگ کردۆتە ئامانج کە شوێنێکی گەشتیاری بەناوبانگە لە ڕوسیادا.

دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ڕوسیا لە هەفتەی ڕابردوودا بڵاویان کردەوە کە دەزگای ئاسایشی یەکێتی ڕوسیا کۆمەڵێک شوێنکەوتووانی ڕێکخراوی داعشیان دەستگیرکردووە کە ویستوویانە هێرشیکی خۆکوژی لە مەترانخانەی کازانسکی ئەنجام بدەن.

هەورەها کرێملن وتیشی لە پەیوەندییە تەلەفونییەکەی نێوان سەرۆک پوتن و سەرۆک ترامپدا پوتن داوای لە سەرۆک ترامپ کردووە سوپاسی ئەفسەرەکانی دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا بکات کە ئەو زانیارییانەیان کۆکردۆتەوە.

هەروەها ئاماژەشی بەوەدا ئەگەر ڕوسیا هەر زانیارییەکی لەوشێوەیەی سەبارەت بە ئەمەریکا زانی بە هەمان شێوە ئەمەریکا ئاگادار دەکاتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG