Accessibility links

ئەمەریکا: زۆر قورس دەبێت بۆ قەتەڕ داواکارییەکانی وڵاتانی عەرەبی جێبەجێ بکات


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ڕێکس تیلەرسن
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ڕێکس تیلەرسن

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕێکس تیلەرسن وتی زۆر قورس دەبێت بۆ قەتەڕ کە بتوانێت داواکارییەکانی سعودیە و سێ وڵاتەکەی تر جێبەجێ بکات، بەڵام وتی گفتوگۆ دەکەن بۆ کۆتایی هێنان بە ناکۆکییەکانی نێوان وڵاتانی کەنداو.

ڕۆژێک دوای ئەوەی قەتەڕ داواکارییەکانی چوار وڵاتە عەرەبییەکەی ڕەت کردەوە ڕێکس تیلەرسن وتی " زۆر بابەت هەیە کە دەتوانرێت گفتوگۆیان لەسەر بکرێت و ببنە هۆی دۆزینەوەی چارەسەرێک." بەڵام تیلەرسن نەیوت لە چ بابەتێکدا میسڕ و بەحرەین و سعودیە و ئیمارات دەتوانن گفتوگۆ لەگەڵ قەتەڕدا بکەن و بگەنە ئەنجامێک.

چوار وڵاتە عەرەبییەکە کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ قەتەڕدا بڕی بە تۆمەتی ئەوەی قەتەڕ پشتیوانی لە تیرۆر دەکات، هەفتەی ڕابردوو داواکارییەکانیان لەڕێی کوەیتەوە گەیاند بە قەتەڕ. لەنێو داواکارییەکاندا چوار وڵاتەکە داوایان لە قەتەڕ کردووە کەناڵی ئەل جەزیرە دابخەن کە یەکێکە لە سەرچاوەکانی ناکۆکییەکانی نێوان قەتەڕ و وڵاتە دراوسێکانی.

هەروەها چوار وڵاتەکە داواشیان لە قەتەڕ کرد پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیخوان موسلمین و ڕێکخراوی داعش و قاعیدە و حیزبوڵای لوبناندا ببڕێت، لەگەڵ ئەوەشدا چوار وڵاتەکە دەیانەوێت قەتەڕ پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێراندا کەم بکاتەوە و کەسایەتییەکانی ئۆپۆزسیۆن بدات بەدەستەوە و بنکە سەربازییەکەی تورکیا لە قەتەڕ دابخات.

قەتەڕ وتی داواکارییەکان پەیوەندییان بە شەڕکردن دژی تیرۆرەوە نیە و تەنها پەیوەندییان بەوەوە هەیە کە دەیانەوێت پایە بڵندی قەتەڕ سنووردار بکەن و دەستبگرن بەسەر سیاسەتی دەرەوەی قەتەڕدا.

تیلەرسن وتی " پێویستە هەریەک لەو وڵاتانە دابنیشن و بەردەوام بن لەسەر ئەم گفتوگۆیە. ئێمە باوەڕمان وایە هاوپەیمانەکانمان و هاوبەشەکانمان بەهێزترن کاتێک پێکەوە کاردەکەن بۆ یەک ئامانج، کە هەموومان هاوڕاین لەسەری و ئامانجەکەش بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و توندڕەوییە."

سەرچاوە/ VOA

XS
SM
MD
LG