Accessibility links

دوو نوێنەری ئەمەریکا بەمەبەستی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان سەردانی وڵاتانی کەنداو دەکەن


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕێکس تیلەرسن

بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی دوو نوێنەری ئەمەریکی لەم هەفتەیەدا سەردانی وڵاتانی کەنداو دەکەن و چاویان بە بەرپرسانی ئەوێ دەکەوێت بەمەبەستی یارمەتیدان لە چارەسەرکردنی ناکۆکییە سیاسییە بەردەوامەکەی نێوان چوار وڵاتە عەرەبییەکە و قەتەڕ.

دوو مانگ لەمەوبەر سعودیە و ئیمارات و بەحرەین و میسر پەیوەندییەکانیان لەگەڵ قەتەڕدا بڕی و بەتۆمەتی پشتیوانیکردن لە تیرۆر تۆمەتبارییان کرد و لەو کاتەشەوە هەتاکوو ئێستا هیچ ئاماژەیەکی ڕوون نیە سەبارەت بە چارەسەرێکی سیاسی بۆ ناکۆکیەکان.

بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە وتی تیمۆثی لیندەرکینجی جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری کەنداو و جەنەڕاڵیخانەنشینی هێزی دەریایی ئەمەریکا ئەنتۆنی زێنی لەم هەفتەیەدا سەردانی وڵاتانی کەنداو دەکەن بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا و پشتیوانیکردن لە هەوڵەکانی حکومەتی کوەیت بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان.

هەفتەی ڕابردوو وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕێکس تیلەرسن بە ڕۆژنامەنووسانی وت بوونی زێنی ڕووبەڕوو بەردەوامی بە فشارەکان دەکات، زۆر شت هەیە دەتوانرێت بکرێت لەڕێی تەلەفونەوە بەڵام ئێمە پابەندین بە چارەسەرکردنی ئەم ناکۆکییانەوە و گەڕاندنەوەی یەکێتی بۆ وڵاتانی کەنداو چونکە ئێمە پێمان وایە ئەوە زۆر گرنگە بۆ ئەو هەوڵانەی کە ماوەیەکی زۆرە دراون بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ناوچەکەدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG