Accessibility links

ئەمەریکا سزا دەسەپێنێت بەسەر کۆمپانیایەکی وزەی چینیدا بەهۆی پێشێلکردنی سزاکانی ئێرانەوە


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆ

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆ لە لێدوانێکدا وتی ئەمەریکا سزای سەپاندووە بەسەر کۆمپانیایەکی وزەی چینیدا بە ناوی چوهای چانگ ڕۆنگ کە دەوڵەت بەڕێوەی دەبات، ئەمەش بەهۆی پێشێلکردنی ئەو سزایانەی سەپێندراوە بەسەر کەرتی نەوتی ئێراندا.

مایک پەمپیۆ لە فلۆریدا وتی " ئێمە وتمان سزای هەر ڕەفتارێک دەدەین کە سزاکان پێشێل بکات و ئێمە بەجددی ئەوەمان وەرگرتووە."

ئەم هەنگاوەی ئەمەریکاش لەکاتێکدا دێت کە گرژییەکی زۆر هەیە لە نێوان ئێران و ڕۆژئاوادا و هەروەها گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و چین کە لەمدواییانەدا گفتوگۆ بازرگانییەکانی نێوانیان دەستپێکردەوە.

بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ سزاکانی بۆ سەر ئێران توندتر کردەوە، ئەمەش دوای ئەوەی ئەمەریکا لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی نێوان تاران و ڕۆژئاوا کشایەوە کە لە سەردەمی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا باراک ئۆبامادا واژۆ کرابوو.

چوهای چانگ ڕۆنگ هەمیشە نەوتی ئێران دەکڕێت و بنکەکەی لە پەکینی پایتەختی چینە. لە ساڵی 2012 دا بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا باراک ئۆباما سزای سەپاند بەسەر ئەو کۆمپانیایەدا بەهۆی مامەڵەکردنییەوە لەگەڵ ئێراندا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG