Accessibility links

پەمپێیۆ دوای سەردانەکەی بۆ ئەفغانستان و قەتەڕ کەرەنتینە ناکرێت


بەرپرسێکی تەندروستی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە مایک پەمپێیۆ دوای گەڕانەوەی لە ئەفغانستان و قەتەڕ کەرەنتینە ناکرێت چونکە ئەو دوو وڵاتە لەو لیستەی ئەمەریکادا نین کە دوای گەڕانەوە لێیان ئەو ڕێوشوێنانە بگیردرێتەبەر.

بەرپرسەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت وتی پەمپێیۆ هەر جووڵەیەکی کردبێت پێشتر بۆی دیاریکراوە و لەگەڵ هەر کەسێکیشدا کۆبووبێتەوە پێشتر پشکنین بۆ ئەو کەسە کراوە، ئەمەش مانای ئەوەیە هیچ ئەگەرێک نیە توشی نەخۆشیەکە بووبێت.

کاتێک بەرپرسەکە پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی کە ئایا پەمپێیۆ و ستافەکەی دوای گەڕانەوەیان بۆ ماوەی 14 ڕۆژ کەرەنتینە دەکرێن یاخود نا، لە وەڵامدا وتی " نەخێر، کەرەنتینە ناکرێن، هیچ پلانێک نیە بۆ کەرەنتینە کردنیان."

جێی ئاماژەیە ڕۆژی دووشەممە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپێیۆ لەگەڵ سەرۆکی ئەفغانستان ئەشرەف غەنی و عەبدوڵا عەبدوڵای ڕکابەرە سیاسیەکەی ئەشرەف غەنیدا کۆبۆوە و دواتر سەردانی قەتەڕی کرد و لە بنکەیەکی سەربازی بۆ ماوەی 75 خولەک لەگەڵ بەرپرسانی تاڵیباندا کۆبۆوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG