Accessibility links

کۆمەڵێک سیناتۆری ئەمەریکا سەردانی پاکستان دەکەن


کۆمەڵێک لە سیناتۆری گرنگی ئەمەریکا بە سەرکردایەتی جۆن مککەین سەردانی پاکستانیان کردوو و لەگەڵ گەورە بەرپرسانی حکومی و سەربازیی ئەو وڵاتەدا کۆبوونەوە و باسیان لە هاریکاریی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و هەوڵەکانیان بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و ئاسایشلە ئەفغانستان کرد

سەردانەکە لە کاتێکدا دێت کە سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ دواتر لەم مانگەدا ستراتیژییەکی نوێ بۆ جەنگی ئەفغانستان ڕادەگەیەنێت.

لە بەیاننامەیەکی فەڕمیدا هاتووە دەڵێت سیناتۆرە ئەمەریکییەکان لەگەڵ ڕاویژکاری سیاسەتی دەرەوەی پاکستان سارتاژ عەزیزدا وتووێژێکی فراوانیان لە وەزارەتی دەرەوەی پاکستان ئەنجامدا.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە دەڵێت عەزیز باسی لە سەرکەوتنی ئاسایشی پاکستان کردووە دژی تیرۆر و پێی وتوون " تۆڕەکانی تیرۆریستان لەناوبراون و لە سنورەکانیان نەماون."

ڕاوێژکارەکە بە میوانەکانی وتووە پاکستان ئامادەیە لەگەڵ ئەمەریکادا کاربکات بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و ئارامی لە ئەفغانستاندا.

هەروەها وتوویەتی ئیسلام ئاباد ئامادەیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتندا بەهێزتر بکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش لە ناوچەکەدا.

لە بەیاننامەکەی پاکستاندا هاتووە سیناتۆر مککەین دەستخۆشی و سوپاسگوزاری خۆی بۆ بەرخۆدانی ئیسلام ئاباد دەربڕیوە لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا و هەروەها باسی لە پێویستی پێکەوە کارکردنی دوو وڵاتەکە کردووە.

لە بەیاننامەیەکی سەربازیدا هاتووە دەڵێت دواتر نوێنەرانی ئەمەریکا لەگەڵ سەرکردەی سوپا جەنەڕاڵ قەمار جاڤید باجوادا کۆبوونەتەوە، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگی و پێویستی هاریکاریی سەربازیی و هەماهەنگی لەنێوان پاکستان و ئەفغانستاندا.

سیناتۆر لیندسی گراهام و ئیلیزابێث وارین و دەیڤد پێردو و شێڵدن وایتهاوس لەنێو ئەو سیناتۆرانەدا بوون کە سەردانی پاکستانیان کرد.

سەرچاوە/ VOA

XS
SM
MD
LG