Accessibility links

ئەمەریکا هیوادارە کۆریای باشوور و ژاپۆن بتوانن پەیوەندییەکانیان دووبارە بنیادبنێنەوە


سەرۆک وەزیری ژاپۆن شینزۆ ئابی و سەرۆکی کۆریای باشوور مون جەی ئین

بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی ئەمەریکا هیوادارە ناکۆکییەکانی نێوان ژاپۆن و کۆریای باشوور گەیشتبێتنە کۆتاییان، بەڵام وتیشی ئەو مەشقە سەربازییەی کۆریای باشوور ئەنجامیداوە سوودی نیە.

بەرپرسەکە کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە بەهۆی هەستیاری بابەتەکەوە وتی هەردوو سەرۆک وەزیری ژاپۆن شینزۆ ئابی و سەرۆکی کۆریای باشوور مون جەی ئین بژاردەی بێ سوودیان هەڵبژاردووە لەم کێشانەیاندا کە بوونەتە هۆی خراپبوونی پەیوەندییەکانی نێوان تۆکیۆ و سیئۆل و زیانیان گەیاندووە بە بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی ئەمەریکا.

بەرپرسەکە وتیشی " هێشتا پێم وایە گەیشتووینەتە کۆتاییەکەی بەڵام لە ناکاو توشی سەرسوڕمان دەبم کە پێچەوانەکەی دەبینمەوە."

وتیشی " هیوادارم هەردوولایان بۆچوونی خۆیان ڕوون کردبێتەوە."

هەروەها وتی " هێشتا چالاکانە هەوڵی ئەوە دەدەین هەردوولا ناچار بکەین دووبارە پەیوەندییەکانیان بنیادبنێنەوە."

ساڵی ڕابردوو پەیوەندییەکانی نێوان کۆریای باشوور و ژاپۆن تێکچوون دوای ئەوەی ناکۆکییەکیان هەبوو سەبارەت بە قەرەبووکردنەوەی ئەو کرێکارانەی کۆریای باشوور کە ژاپۆن لەمیانەی جەنگی جیهانی دووەمدا کاتێک کۆریای باشووری داگیرکرد بەشێوەیەکی خراپ بەکاریهێناون و سووکایەتی پێکردوون.

هەفتەی ڕابردوو گرژییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە زیادیانکرد دوای ئەوەی کۆریای باشوور ئەو ڕێکەوتنەی هەڵوەشاندەوە کە تیایدا بەپێی ئەو ڕێکەوتنە کۆریای باشوور و ژاپۆن زانیاری هەواڵگرییان دەگۆڕیەوە، ئەمەش سەرەڕای زیادبوونی گرژییەکان لەگەڵ کۆریای باکوور و کێشەکانی چین لە ناوچەکەدا.

بەرپرسە ئەمەریکییەکە وتی " ئەم ناکۆکییە زیانی گەیاندووە بە ئەگەری بەردەوامبوونی ڕێکەوتنی گۆڕینەوەی زانیارییەکان،" بەڵام وتیشی " بەتەواوەتی ڕێکەوتنەکە هەڵنەوەشاوەتەوە، هیوادارین هەلێک هەبێت بۆ گەڕاندنەوەی."

هەروەها سەبارەت بە مەشقە سەربازییەکانی کۆریای باشوور کە ڕۆژی یەکشەممە ئەنجامیدان وتی " پێمان وایە بەتایبەتی ئەم مەشقانە سوودیان نیە."

وتیشی " ئەم کارانە کێشەکان چارەسەر ناکەن. بەڵکو دەبێتە هۆی زیادبوونیان. سوپاسگوزار دەبین ئەگەر هەردوولا ڕێگە بدەن ڕەوشەکە هێورببێتەوە و بگەڕێنەوە سەر کارە جددییەکانی خۆیان و دەست بکەن بە گفتوگۆکردن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG