Accessibility links

ئەمەریکا هێشتا نیگەرانە لەسەر ئەوەی کۆریای باکوور موشەکێکی دیکە تاقی بکاتەوە


ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی جەیک سۆلیڤان
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی جەیک سۆلیڤان

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی جەیک سۆلیڤان دەڵێت بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک بایدن هێشتا نیگەرانە لەسەر ئەوەی کۆریای باکوور بۆ جارێکی دیکە موشەکێکی باڵیستیکی کیشوەربڕ تاقی بکاتەوە.

سۆلیڤان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پڕۆگرامێکی کەناڵی سی بی ئێسدا وتی " ماوەیەکە نیگەرانم لەسەر ئەوەی کۆریای باکوور حەوتهەمین تاقیکردنەوەی ئەتۆمی ئەنجام بدات."

سولیڤان گوتیشی " هیچ ئاماژەیەکی دەستبەجێ نییە لەسەر ئەوەی بڵێیت ئەوە ڕوودەدات، بەڵام توشی سەرسوڕمان نابیت ئەگەر کۆریای باکوور تاقیکردنەوەیەکی دیکە ئەنجام بدات و توانا موشەکییە باڵیستیکییە کیشوەربڕەکەی تاقی بکاتەوە."

لە مانگی شەشدا کۆریای باکوور دوو موشەکی مەودا کورتی ئاڕاستەی دەرەوەی کەناراوەکانی ڕۆژهەڵات کرد، لە کاتێکدا کە سۆلیڤان لەگەڵ هاوتاکانیدا لە ژاپۆن و کۆریای باشوور لە تۆکیۆ کۆبوونەوە.

لەو کاتەدا وتەبێژێکی وەزارەتی بەرگری نیشتمانی کۆریای باکوور وتی مەشقە هاوبەشەکانی کۆریای باشوور و ئەمەریکا بووەنەتە هۆی زیادبوونی گرژییە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا و هێزەکانی کۆریای باکوور ڕووبەڕووی " هەر جۆرە ناڕەزایی دەربڕینێک و کارێکی وروژێنەرانەی دوژمن دەبنەوە."

بەرنامە موشەکی و ئەتۆمییەکەی کۆریای باکوور بەپێی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان قەدەغە کراوە و ئەنجومەنەکە سزای بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاندووە.

هەوڵە دیبلۆماتییەکانیش بۆ ڕازیکردنی کۆریای باکوور تاوەکو دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەی بێت بە چەقبەستوویی ماونەتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG