بەڕێوبەری دەزگای هەواڵگری نیشتیمانی هۆشیاریدا سەبارەت بە تەواوبوونی کات لەبەردەم ئەمەریکادا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو هەڕەشەیەی کە بەرنامە ناوەکییەکەی کۆریای باکوور دروستی کردووە.
بەڕێوبەری دەزگای هەواڵگری نیشتیمانی دان کۆتس لە دانیشتنی ساڵانەی لیژنەی هەواڵگری ئەنجومەنی سیناتدا لەبارەی هەڕەشە جیهانییەکانەوە وتی کۆریای باکوور هەڕەشەیەکی بەرجەستەیە بۆ سەر ئەمەریکا و ئاماژەشی بەوەدا ئەگەری ئەوە هەیە پیۆنگیانگ لەمساڵدا تاقیکردنەوەی زیاتر ئەنجام بدات.
ڕوونیشی کردەوە " کات زیاتر نزیک دەبێتەوە لەسەر چۆنێتی وەڵامدانەوەی ئێمە بۆ ئەوە. ئامانجی ئێمە ئەوەیە بگەینە چارەسەرێکی ئاشتیانە. ئێمە قورسترین سزامان سەپاندووە بەسەر کۆریای باکووردا."
ئەم ئاگادارکردنەوەیەش لەکاتێکدا دێت کە گرژییەکانی نیمچە دوورگەی کۆریا کەمتر بوونەتەوە بەهۆی گفتوگۆکانی نێوان پیۆنگیانگ و سیئۆلەوە، هەروەها بەهۆی بەشداریکردنی کۆریای باکوورەوە لە یارییەکانی ئۆڵمپیادی زستانەدا کە کۆریای باشوور میوانداری دەکات.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز