Accessibility links

باڵیۆزی سوریا : هێرشەکەی ئەمەریکا بۆ سەر بنکە سەربازیەکەی سوریا پەیامێک بوو بۆ کۆریای باکوور


باڵیۆزی سوریا لە کۆریای باکوور تەمام سلێمان وتی ئەوە دوژمنایەتی ئەمەریکایە و پەیام ناردنیش بۆ کۆریای باکوور لەڕێی هێرشکردنە سەر بنکەیەکی سەربازی ئاسمانی سوریا کارێکی نابەرپرسیارانەیە

کۆریای باکوور زنجیرەیەک لە تاقیکردنەوەی موشەکی و ناوەکی ئەنجامداوە وەکوو بەرەنگاربوونەوەیەک دژی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و راشیانگەیاندووە موشەکێکیان پەرەپێداوە کە دەتوانێت لە خاکی ئەمەریکا بدات. هەروەها یەکێک لە تاقیکردنەوە موشەکییەکانیان ڕۆژی یەکشەممە شکستی هێنا.

مایک پێنسی جێگری سەرۆکی ئەمەریکاش لەلای خۆیەوە کۆریای باکووری ئاگادار کردەوە و وتی باشترە سەرۆک ترامپ تاقی نەکرێتەوە و باسی لە هێرشەکەی سەر سوریا کرد وەکو نمونەیەک.

شایەنی باسە لەم مانگەدا هێزی ئاسمانی ئەمەریکا هێرشێکی موشەکی کردە سەر بنکەیەکی سەربازی ئاسمانی سوریا و سوپای ئەمەریکاش ڕایگەیاند کە " دایکی بۆمبەکانی" هاویشتووە کە ئەوەش گەورەترین بۆمبی نا ناوەکییە لە جبەخانەکانیدا ، ئەمەش لە ئەشکەوتەکان و تونێلەکانی چەکدارانی داعش لە ئەفغانستان بەکاریان هێناوە.

سلێمان وتیشی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەڵەی کردووە بە ناردنی پەیام لەڕێی هێرشکردنە سەر وڵاتانی ترەوە.

هەروەها بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزیش ڕاگەیاند " هەرچی کە کردوویانە دوژمنایەتییەکی ڕوونە."

وتیشی " لەڕاستیدا دەبێت ئەمەریکا جددی بێت لە دۆزینەوەی چارەسەرەکاندا ئیتر لە سوریا بێت یاخوود لە کۆریا"

هەروەها کاربەدەستێکی وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکوور وتی وڵاتەکەی دەمێک بوو رووبەڕووی هێرشی وڵاتانی تر دەبۆوە ئەگەر توانای سەربازی بەهێزی نەبوایە.

سەرچاوە / ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG