Accessibility links

سەرۆک ترامپ: سوور دەبین لەسەر نەهێشتنی چەکی ناوەکی کۆریای باکوور


سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ڕۆژی چوارشەممە دانی پێدانا بەوەی کە کۆبوونەوە لوتکەکەی لەگەڵ ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئوندا هێشتا ڕوون نەبۆتەوە کە ئایا ئەنجام دەدرێت یان نا، وتیشی واشنتن سوور دەبێت لەسەر ئەوەی کۆریای باکوور دەستبەرداری بەرنامە ناوەکییەکەی بێت سەرەڕای هەڕەشەکانی پیۆنگیانگ بۆ ئەنجام نەدانی کۆبوونەوەکە.

ڕۆژی چوارشەممە کۆریای باکوور گومانی خستە سازدانی کۆبوونەوەکەی 12 ی مانگی شەش لە نێوان کیم جۆنگ ئون و سەرۆک ترامپدا، وتی لەوانەیە بەشداری ئەو کۆبوونەوەیە نەکات ئەگەر هاتوو واشنتن سوور بوو لەسەر ئەوەی تەنها یەک لایەن دەستبەرداری چەکی ناوەکیی ببێت.

هەروەها کۆریای باکوور گفتوگۆ ئاست بەرزەکانیشی لەگەڵ کۆریای باشووردا ڕاگرت کە وابڕیاربوو ڕۆژی چوارشەممە ئەنجام بدرێن و لۆمەی مەشقە سەربازییە هاوبەشەکانی نێوان سیئۆل و واشنتنی کرد.

سەرۆک ترامپ کاتێک لەلایەن ڕۆژنامەنووسانەوە لە کۆشکی سپی پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی کە ئایا کۆبوونەوەکە ئەنجام دەدرێت یاخوود نا، سەرۆک ترامپ لە وەڵامدا وتی " بزانین چۆن دەبێت، هیچ بڕیارێکمان پێ نەوتراوە، هیچمان نەبیستووە و نەبینیوە."

وتیشی بەردەوام دەبێت لە فشارەکان لە پێناو خاڵیکردنەوەی نیمچە دوورگەی کۆریا لە چەکی ناوەکی.

وتەبێژی کۆشکی سپی سارە ساندەرز لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز وتی " سەرۆک ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە، وە ئەگەر کۆبوونەوەکە نەکرا ئەوا ئێمە بەردەوام دەبین لە توندترین فشارەکانمان."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG