Accessibility links

گفتوگۆکانی نێوان ئەمەریکا و کۆریای باکوور دەچێتە ڕۆژی دووەمییەوە


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆ

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆ ڕۆژی پێنجشەممە دووەم گفتوگۆی لەگەڵ بەرپرسی باڵای کۆریای باکوور کیم یۆنگ چول لە نیویۆرک ئەنجام دەدات لە هەوڵێکدا بۆ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکانی نێوانیان سەبارەت بە چەکی ناوەکی و ڕێگە خۆشکردن بۆ کۆبوونەوە مێژووییە چاوەڕوانکراوەکەی نێوان سەرۆکی ئەمەریکا و ڕابەری کۆریای باکوور.

ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە پەمپیۆ ئامادەی ئێوارە خوانێکی تایبەت بوو لە نیویۆرک کە 90 خولەکی خایاند بەڵام هەردوولا هیچ وردەکارییەکیان نەدا سەبارەت بە گفتوگۆکانیان. وابڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە خولێکی دیکەی دانوستانەکان ئەنجام بدرێت.

جێی ئاماژەیە ئەمەریکا داوا لە کۆریای باکوور دەکات دەستبەرداری بەرنامە ناوەکییەکەی بێت لەنێوەندی ئەو هەواڵانەدا کە گوایە پیۆنگیانگ خەریکە موشەکێک پەرەپێدەدات کە دەتوانێت کڵاوەی ناوەکیی هەڵبگرێت و بگاتە خاکی ئەمەریکا.

پیۆنگیانگیش ماوەیەکی زۆرە دەڵێت پێویستی بە چەکی ناوەکیی هەیە بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەی.

لە مانگی چواردا پەمپیۆ گفتوگۆی ئاست بەرزی لەگەڵ کۆریای باکووردا ئەنجامدا بە ئامانجی زیندووکردنەوەی دانوستانەکانی نێوان دوو وڵاتەکە.

نێردراوەکەی کۆریای باکوور، کیم یۆنگ چول یاریدەدەرێکی نزیکی ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئونە و جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوەندی حیزبی کرێکارانی فەرمانڕەوایە، گەورەترین بەرپرسی کۆریای باکووریشە کە ماوەی بیست ساڵە لە ئەمەریکا چاوی بە بەرپرسانی ئەمەریکی کەوتووە لە دانوستانەکاندا لە ئەمەریکا.

لەبەرامبەر دەستبەرداربوونی کۆریای باکوور لە چەکە ناوەکییەکەی، واشنتن لەوانەیە سزاکانی سەر پیۆنگیانگ کەمتر بکاتەوە و کە ئەوەش ڕێگە بە ناردنی یارمەتیە خۆراکییەکان و یارمەتییەکانی دیکە دەدات بۆ کۆریای باکوور و هەروەها دەبێتە هۆی باشبوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو و وڵاتە و کۆریای باشوور.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG