Accessibility links

نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ کۆریای باکوور داوای دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان دەکات


نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ کۆریای باکوور سونگ کیم

نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ کۆریای باکوور دووبارە داوای لە پیۆنگیانگ کردەوە دەستبکاتەوە بە گفتوگۆکان سەبارەت بە داماڵینی چەکی ناوەکی لە نیمچە دورگەی کۆریا.

نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ کۆریای باکوور سونگ کیم وتی تاقیکردنەوە موشەکیە باڵیستیکیەکەی ئەمدواییانەی پیۆنگیانگ جێی نیگەرانییە و دژی هەوڵەکانە بۆ خستنەوەی ئاشتیەکی هەمیشەیی لە نیمچە دورگەی کۆریادا.

جێی ئاماژەیە تاوەکو ئێستا کۆریای باکوور پێشنیارەکانی ئەمەریکای بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان ڕەت کردۆتەوە، پیۆنگیانگ واشنتن و سیئۆل تۆمەتبار دەکات بەوەی باس لە دیبلۆماسی دەکەن لەکاتێکدا لەڕێی چالاکییە سەربازییەکانی خۆیانەوە گرژییەکان زیاتر دەکەن.

ڕۆژی پێنجشەممە کۆریای باکوور وتی ئەمەریکا زیادەڕۆیی دەکات لە کاردانەوەیدا لەسەر تاقیکردنەوە موشەکە باڵیستیکیە ژێرئاوگەرەکەی کۆریای باکوور و وتی تاقیکردنەوەکە بۆ بەرگریکردن لە خۆمان بووە.

کۆریای باکوور بە تاقیکردنەوەی موشەکەکانی لەم هەفتانەی دواییدا سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ سەر وڵاتەکەی پێشێلکردووە.

نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ کۆریای باکوور سونگ کیم جەختی لەوە کردەوە ئەمەریکا هیچ نیازێکی دوژمنکارییانەی بەرامبەر کۆریای باکوور نیە.

بەرپرسی کۆریای باشوور بۆ بابەتی چەکی ناوەکی نوه کیو دوک وتی لەگەڵ نوێنەری ئەمەریکادا " بەجددی " تاوتوێی پێشنیارەکەی کۆریای باشوورمان کردووە سەبارەت بە بە فەڕمی ڕاگەیاندنی کۆتای هێنان بە جەنگی کۆریا.

جێی ئاماژەیە جەنگی کۆریا لە ساڵی 1950 بۆ 1953 لەڕێی ئاگربەستەوە ڕاگیرا، نەک پەیماننامەی ئاشتی.

بەرپرسانی کۆریای باشوور دەڵێن ئەو جۆرە ڕاگەیاندنە ئاماژەیەکی نیازپاکی دەبێت بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG