Accessibility links

کۆریای باکوور جەخت لەوە دەکاتەوە هیچ پەیوەندییەک لەگەڵ ئەمەریکادا ناکات


ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون

دەزگای هەواڵی یۆنهابی کۆریای باشوور بڵاویکردەوە کۆریای باکوور ڕایگەیاندووە ئەگەر واشنتن " دەستبەرداری سیاسەتە دوژمنکارییەکەی " بەرامبەر پیۆنگیانگ نەبێت، ئەوا سەرجەم هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ پەیوەندیکردن بە وڵاتەکەوە پشتگوێ دەخات.

جێگری یەکەمی وەزیری دەرەوەی کۆریای باکوور چوی سون لە لێدوانێکدا کە دەزگای هەواڵی کۆریای باکوور بڵاویکردۆتەوە دەڵێت " هیچ پەیوەندی و گفتوگۆیەک لەنێوان کۆماری گەلی دیموکراتی کۆریا و ئەمەریکادا ڕوونادات تاوەکو ئەمەریکا کۆتایی بە سیاسەتە دوژمنکارییەکەی بەرامبەر پیۆنگیانگ نەهێنێت."

وتیشی " لەبەرئەوە بەردەوام دەبین لە پشتگوێ خستنی ئەم جۆرە هەوڵانە لەلایەن ئەمەریکاوە."

ئەم هۆشیاریدانەی پیۆنگیانگ لەکاتێکدایە هەردوو وەزیری دەرەوە و بەرگری ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن و لوەید ئۆستن بە سەردانێک لە سیئۆلی پایتەختی کۆریای باشوورن.

کۆریای باشوور دووەم وێستگەی سەردانەکانی دوو وەزیرە ئەمەریکیەکەیە بۆ ناوچەکە، مەبەست لە سەردانەکەشیان بۆ ناوچەکە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی ئەمەریکایە لەگەڵ هاوپەیمانەکانیدا دژی کۆریای باکوور و زیادبوونی دەسەڵاتەکانی چین لە ناوچەکەدا.

ڕۆژی چوارشەممە وەزیری دەرەوە و بەرگری ئەمەریکا چاویان بە هاوتاکانیان کەوت لە کۆریای باشوور و وابڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە لەگەڵ سەرۆکی کۆریای باشوور مون جەی ئیندا کۆببنەوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG