Accessibility links

واشنتن ڕەتی دەکاتەوە کۆریای باکوور هەنگاو بە هەنگاو دەستبەرداری چەکە ناوەکییەکەی ببێت


ستیڤن بایگۆن

نوێنەری ئەمەریکا بۆ کۆریای باکوور ستیڤن بایگۆن وتی ئەمەریکا ڕەتی دەکاتەوە کۆریای باکوور هەنگاو بە هەنگاو دەستبەرداری چەکە ناوەکییەکەی ببێت، جەختیشی لەوە کردەوە واشنتن دەیەوێت کۆریای باکوور بەتەواوەتی دەستبەرداری چەکە ناوەکییەکەی بێت ئینجا سزاکانی لەسەر لادەبرێن.

بایگۆن دووبارە جەختی لەوە کردەوە بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ هیوادارە بگات بە داماڵینی کۆتایی چەکی ناوەکی کۆریای باکوور و وتیشی دەکرێت ئەوە بکرێت هەتا کۆتایی هاتنی وادەی سەرۆکایەتی ترامپ کە دەکاتە مانگی یەکی ساڵی 2021.

وتیشی ناکرێت بگەین بە ڕێکەوتنێک تاوەکو ڕێنەکەوین لەسەر هەموو بەندەکانی ڕێکەوتنەکە.

جێی ئاماژەیە لە کۆبوونەوەی دووەمیاندا لە هانۆی، سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ و ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون نەگەیشتن بە هیچ ڕێکەوتنێک سەبارەت بە داماڵینی چەکی ناوەکیی کۆریای باکوور. بایگۆن وتی ڕابەری کۆریای باکوور پێشنیاری ئەوەی کردووە بەشێک لە بەرنامە ناوەکییەکەی وڵاتەکەی لاببات لەبەرامبەر لابردنی هەموو سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر وڵاتەکە.

وتیشی ئەوە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەخاتە بارودۆخێکی قورسەوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG