Accessibility links

سەرکردەیەکی سەربازی ئەمەریکا: پێدەچێت کۆریای باکوور دەستبەرداری هەموو چەکە ناوەکییەکانی نەبێت


ئەدمیڕاڵ فیلیپ دەیڤدسن
ئەدمیڕاڵ فیلیپ دەیڤدسن

باڵاترین سەرکردەی سەربازیی ئەمەریکا لە ئاسیا دووبارە جەختی لە هەڵسەنگاندنەکانی دەزگاکانی هەواڵگری کردەوە و وتی پێدەچێت کۆریای باکوور دەستبەرداری هەموو چەکە ناوەکییەکانی نەبێت.

ئەم لێدوانەی ڕابەری سەرکردایەتی ئەمەریکا لە هەردوو دەریای هێمن و هیندی ئەمیڕاڵ فیلیپ دەیڤدسن چەند هەفتەیەک پێش کۆبوونەوەی دووەمی نێوان سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ و ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون دێت.

لە لێدوانێکیدا لەبەردەم لیژنەی هێزە چەکدارەکانی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکادا دەیڤدسن گەشبینی خۆی دەربڕی سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی 27 و 28 ی مانگی دوو بەڵام گومانی هەیە لەنیازەکانی کۆریای باکوور.

وتی " هەڵسەنگاندنی سەرکردایەتی ئەمەریکا لە هەردوو دەریای هێمن و هیندی سەبارەت بە داماڵینی چەکی ناوەکیی کۆریای باکوور لەگەڵ هەڵوێستی دەزگاکانی هەواڵگریدا یەک دەگرێتەوە. بەپێی ئەوەش ئێمە پێمان وایە کۆریای باکوور دەستبەرداری هەموو چەکە ناوەکییەکانی یاخوود تواناکانی بۆ بەرهەمهێنانی ئەو چەکە نەبێت. بەڵام ئێمە هەوڵدەدەین وتوێژ بکەین لەسەر داماڵینێکی بەشییدا لەبەرامبەر ئیمتیازاتی ئەمەریکی و نێودەوڵەتی."

جێی ئاماژەیە بەڕێوبەری دەزگای هەواڵگری نیشتیمانی ئەمەریکا دان کۆتس مانگی ڕابردوو بە کۆنگرێسی ڕاگەیاند باوەڕی وایە کۆریای باکوور دەستبەرداری هەموو چەکە ناوەکییەکانی نەبێت و بەردەوامە لە هەندێک چالاکی کە لەگەڵ بەڵێنەکانیدا بۆ داماڵینی چەکی ناوەکیی یەک ناگرێتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG