Accessibility links

ڕاوێژکاری سەرۆک ترامپ: ئەمەریکا ڕێوشوێنی گونجاو دەگرێتە بەر سەبارەت بە کۆریای باکوور


ڕاوێژکاری سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ وتی واشنتن ڕێوشوێنی گونجاو دەگرێتە بەر بۆ پاراستنی وڵاتەکەی لە هەڕەشەکانی کۆریای باکوور کە پێشتر ڕایگەیاند بەنیازە پلانێک دابڕێژێت بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی موشەکی بۆ سەر دوورگەی گوامی سەر بە ئەمەریکا.

سباستیان گۆرکایی جێگری یاریدەدەری سەرۆک ترامپ بە ڕادیۆی بی بی سی بەڕیتانی وت " سەرۆک ترامپ زۆر ڕوون بوو لەسەر ئەوەی ڕێوشوێنی گونجاو دەگرێتە بەر بۆ پاراستنی ئەمەریکا و هاوڵاتیانی."

وتیشی " ئێمە پلانەکانی داهاتوومان ڕاناگەیەنین و هەروەها ڕاشیناگەیەنین چۆن ڕەفتار دەکەین. ئەگەر لە یاری پۆکەردا دەستەکەت ئاشکرا بکەیت ئەوا دەدۆرێیت. بیرۆکەیەکی باش نیە دەستەکەی خۆت ئاشکرا بکەیت لە یاری پۆکەردا و هەروەها بە هەمان شێوە لە جوگرافیای سیاسەتیشدا شتێکی هەڵەیە."

دوای ئەوەی کۆریای باکوور ساڵی ڕابردوو دوو تاقیکردنەوەی چەکی ناوەکیی ئەنجامدا و لەمدواییانەشدا دوو تاقیکردنەوەی موشەکی کیشوەری ئەنجامدا ڕەوشەکە ئاڵۆزتر بوو.

سەرۆک ترامپیش وتی ڕێگە نادات بە کۆریای باکوور گەشە بە چەکە ناوەکییەکانی بدات و بتوانێت بگاتە ئەمەریکا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG