Accessibility links

سەرکردەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان: ستراتیژییە نوێیەکە بەندە بە بارودوخی ئەفغانستانەوە


سەرکردەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان جەنەڕاڵ جۆن نیکڵسن وتی بوونی سەربازانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان لە داهاتوودا بەندە بە بارودۆخەکانەوە نەوەکو ئەوەی کە کاتێک دیاریکرا بێت بۆ کشانەوەی هێزەکانمان.

نیکڵسن لە بەیاننامەیەکدا وتی " ئەم ستراتیژییە مانای ئەوەیە تاڵیبان لەڕوویی سەربازییەوە ناتوانێت سەربکەوێت. ئێستا کاتی ئەوەیە توندڕەویی نەمێنێت."

سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ شەوی ڕابردوو ڕێگەی خۆشکرد بۆ زیادکردنی سەربازانی ئەمەریکی لە ئەفغانستان لەچوارچێوەی ستراتیژییە نوێیەکەی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا.

لەلای خۆشیانەوە تاڵیبان سەرکۆنەی بڕیارەکەی سەرۆک ترامپیان کرد سەبارەت بە جەنگ لە ئەفغانستان و بەڵێنیدا بە بەردەوامبوون لە جیهاد کردن.

وتەبێژی تاڵیبان سەرکۆنەی ڕاگەیاندنەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپی کرد سەبارەت بە مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان و دیاری نەکردنی کاتێک بۆ کشانەوەی سەربازانی ئەمەریکی لە ناوچەکە.

زەبیحوڵا موجاهیدی وتەبێژی تاڵیبان دوای چەند کاتژمێرێک لە وتارەکەی سەرۆک ترامپ سەبارەت بە سیاسەتی نوێی ئەمەریکا لە ئەفغانستان و باکووری ئاسیا لە بەیاننامەیەکدا وتی " لەجیاتی ئەوەی بەردەوامبن لە شەڕکردن لە ئەفغانستان دەبوایە ئەمەریکییەکان بیریان لە کشانەوەی سەربازەکانیان بکردایەوە لە ئەفغانستان."

وتیشی " هەتاکوو یەک سەربازیی ئەمەریکا لە وڵاتەکەماندا بمێنێتەوە ... ئێمە هەر بەردەوام دەبین لە جیهادەکەمان."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG