Accessibility links

ئەمەریکا داوا لە ئەندامانی هاوپەیمانێتی ناتۆ دەکات زیاتر خەرج بکەن


مایک پۆمپەیۆ

بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی ئەمەریکا فشار دەخاتە سەر هاوپەیمانەکانی لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا بەتایبەتی ئەڵمانیا تاوەکو خەرجیە سەربازییەکان زیاتر بکەن لەچوارچێوەی زیادبوونی هەڕەشەکانی ڕوسیا، ئەوەش پێش کۆبوونەوەکەی هاوپەیمانێتییەکە لە بڕۆکسل.

سەبارەت بەوەی کە ئایا مایک پۆمپەیۆی هەڵبژێردراو بۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئامادەی کۆبوونەوەکە دەبێت یان نا، ئەنجومەنی نوێنەران جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە سبەینێ ڕۆژی پێنجشەممە وەکو وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەست نیشان دەکرێت و بەرپرسەکە وتی " بە وردی مامەڵە لەگەڵ ئەوەدا دەکەین، بەڵام ئێستا هیچ شتێکمان نیە لەو بارەیەوە ڕایبگەیەنین."

بەرپرسەکە وتیشی هەتاوەکو ئێستا جۆن سۆلیڤان کارەکانی وەزیری دەرەوە بەڕێوە دەبات و ئامادەی کۆبوونەوەکەی وەزیرانی دەرەوەی هاوپەیمانێتی ناتۆ دەبێت.

ئەم کۆبوونەوەیەش ڕێ خۆشکەر دەبێت بۆ کۆبوونەوە لوتکەکەی سەرکردەکانی ئەندامانی هاوپەیمانێتییەکە کە لە مانگی حەوتدا ئەنجام دەدرێت.

بەرپرسەکە کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە وتی " هیچ کاتێک لە دوای جەنگی ساردەوە وەکو ئێستا هاوپەیمانێتییەکە نەبەستراوەتەوە بە ڕووداوەکانەوە." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە هاوپەیمانێتییەکە لە چوارچێوەی جووڵەکانی ڕوسیادا سەیری ڕووداوەکان دەکات.

وتیشی " ڕوسیا تواناکانی بۆ هەڕەشەکردن و لەناوبردن و هەتاوەکو داگیرکردنی دراوسێکانیشی دەرخست." جەختی لەوە کردەوە کە ڕوسیا ئاسایشی ئۆکرانیا و جۆرجیا و سوریا تێکدەدات.

هەروەها وتی " ئێستا کاتی ئەوەیە سیانزە وڵاتەکەی دیکە لە هاوپەیمانێتیەکەدا هەوڵەکانیان زیاتر بکەن بەتایبەتی ئەڵمانیا کە گەورەترین و دەوڵەمەندترین ئەندامی ئەوروپییە لە هاوپەیمانێتییەکەدا." ئاماژەشی بەوەدا کە ئەم بابەتە لە کۆبوونەوەی داهاتووی نێوان سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ و ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئانگێلا مێرکڵدا باسی لێوە دەکرێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG