Accessibility links

ناتۆ پێشوازی لە هێزی زیاتری ئەمەریکا دەکات بۆ پتەوکردنی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا


سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ پێشوازی لە پلانەکانی ئەمەریکا کرد بۆ ڕەوانەکردنی هێزی زیاتر بۆ ئەوروپا و وتی ناتۆ بیر لەوە دەکاتەوە گروپی شەڕکەر ڕەوانەی بەشی باشووری ڕۆژهەڵاتی هاوپەیمانێتیەکە بکات.

ستۆڵتنبێرگ بە ڕۆژنامەنووسانی وت لەکاتێکدا کە ناتۆ ئامادەکاری دەکات بۆ ئەگەری هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، هاوکات ناتۆ ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی " گفتوگۆیەکی مانادار " و دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسیی بۆ قەیرانەکان.

وتی " ناتۆ بەردەوام داوا لە ڕووسیا دەکات گرژییەکان کەم بکاتەوە. هەر دوژمنکارییەکی دیکە دەرەنجامی توند و باجێکی گەورەی لێدەکەوێتەوە."

وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ بە ڕۆژنامەنووسانی وت ڕەوانەکردنی هێز لەلایەن ئەمەریکاوە گرژییەکانی ناوچەکە زیاتر دەکات.

جێی ئاماژەیە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە ڕۆژئاوا کۆمەڵێک سزایان ئامادەکردووە بۆ سەپاندنیان بەسەر ڕووسیادا، هۆشدارییانداوە لەسەر سەپاندنی ئەو سزایانە و هیوادارن سزاکان سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن ناچار بکەن هێزەکانی ڕووسیا لەسەر سنووری ئۆکرانیا بکشێنێتەوە.

ستۆڵتنبێرگ وتی " جموجۆڵێکی زۆری هێزەکانی ڕووسیا هەیە لە بێلاڕووس، " دراوسێی ئۆکرانیا لە باکوورەوە، کە لەوێ هێزەکانی ڕووسیا و بێلاڕووس ڕۆژی پێنجشەممە دەستیانکرد بە مەشقە سەربازییە هاوبەشەکانیان. مەشقەکە وابڕیاربوو دواتر لەم مانگەدا دەستپێبکات، بەڵام کاتەکەی پێشخرا.

ستۆڵتنبێرگ وتی " ئەمە گەورەترین جموجۆڵی سەربازیی ڕووسیایە لە دوای جەنگی ساردەوە." ئاماژەی بەوەدا 30,000 سەربازی ڕووسی و فڕۆکەی جەنگی و سیستمی بەرگری موشەکی ڕەوانەی بێلاڕووس کراون.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG