Accessibility links

ئەمەریکا: وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ پابەند نین بە بەرپرسیارێتیەکانیانەوە سەبارەت بە زیادکردنی هێزەکان لە ئەفغانستان


سەرکردە سربازییەکانی ئەمەریکا وتیان بەڵێنەکەی ناتۆ بۆ ڕەوانەکردنی هێزی زیاتر بۆ ئەفغانستان هاوتای بەرپرسیارێتیەکان نیە لەوێ و نیگەرانی خۆیان دەربڕی سەبارەت بە کەمی یارمەتیەکان کە لەوانەیە ببێتە هۆی خراپتربوونی ڕەوشی ئاسایشی وڵاتەکە.

سەرکردە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە کۆبوونەوەکەی وەزیرانی بەرگری وڵاتانی ناتۆدا وتیان ئەو هێزانەی کە ناتۆ بڕیاریداوە ڕەوانەی ئەفغانستانیان بکات بۆ فراوانکردنی مەشقەکان بەس نین، دوای سێ مانگ لە ڕاگەیاندنی ستراتیژیی نوێی ئەمەریکا لە باکووری ئاسیا لەلایەن سەرۆک دانۆڵد ترامپەوە.

سەرکردەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان جەنەڕاڵ جان نیکڵسن وتی " بۆ هاوپەیمانانمان ڕوون کردەوە کە ئێمە پێویستییەکی زۆرمان بە یارمەتی ئەوان هەیە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانەی کە دیاریمان کردوون."

سکرتێری گشتی ناتۆ ینس ستۆڵتنبێرگ لەم هەفتەیەدا وتی ئەمەریکا ژمارەی ئەو سەربازانەی کە دەنێردرێن بۆ ئەفغانستان لەگەڵ وڵاتانی ناتۆدا دابەش دەکات کە نزیکەی سێ هەزار سەربازن و ژمارەی سەربازەکان لەوێ دەگاتە 16 هەزار.

سیاسەتمەداران وتیان ئێستا لەوانەیە ئەمەریکا 2800 سەرباز بنێرێت لەکاتێکدا وڵاتانی ناتۆ 700 سەرباز دەنێرن و دەبنە 3500 سەربازی زیاتر بۆ ئەفغانستان.

ئەڵمانیا، کە یەکێکە لە وڵاتە ئەوروپیە سەرەکییەکانی بەشدار لە هێزەکاندا دەڵێت نایەوێت ژمارەی سەربازانی لە ئەفغانستان زیاد بکات و ئەوەش بڕیارێکە کە وەزیری بەرگری ئەڵمانیا ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لین پشتیوانی لێدەکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG