بەرسانی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕایانگەیاند هەزاران سەربازی گاردی نیشتیمانی ئەمەریکا کە بەمەبەستی پاراستنی ڕێوڕەسمی سوێندخواردنەکەی سەرۆک جۆو بایدن بە واشنتندا بڵاوکرانەوە، بەهۆی " هەڕەشەکانەوە " تاوەکو مانگی 3 لە شوێنی خۆیان دەمێننەوە.
بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا زانیاری دیاریکراویان سەبارەت بەم هەڕەشانە نەدا، ئاماژەیان بەوەدا زانیارییەکان لە ئۆفیسی دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی ئێف بی ئایەوە وەرگیراون.
لە دوای ئەوەی لە 6 ی مانگی یەکدا لایەنگرانی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا هەڵیانکوتایە سەر کۆنگرێسی ئەمەریکا، واشنتن هێشتا نیگەرانە لەسەر ئەگەری ڕوودانی کردەوەی توندوتیژی زیاتر.
هەڵسوڕێنەری کاروباری وەزیری بەرگری ئەمەریکا جۆن ویتلی وتی خۆی و بەرپرسانی دیکە لە مەترسییەکانی کۆمەڵێک بۆنە لە هەفتەکانی داهاتوودا لە واشنتن ئاگادارکراونەتەوە.
هەروەها ڕوونیشی کردەوە بەرپرسانی ناوخۆ نیگەرانن لە ئەگەری خۆپیشاندانان " کە لەوانەیە هەندێک لایەن بۆ کاری تێکدەرانە یاخود کێشەی دیکە بەکاریبهێنن."
وتی " ئێمە هێزە سەربازییەکانمان لەوپەڕی ئامادەباشیدا دەهێڵینەوە تاوەکو بتوانن وەڵامی ئەم هەڕەشانە بدەنەوە."
سەرچاوە/ فرانس پرێس