Accessibility links

تیلەرسن: ئێمە سەرکردایەتی سوپای میانمار بە بەرپرسیار دەزانین لە قەیرانەکانی ڕۆهینجیادا


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕێکس تیلەرسن وتی سەرکردایەتی سوپای میانمار بە بەرپرسیاردەزانێت لە قەیرانەکانی ئێستای پەنابەراندا کە کاری کردۆتە سەر موسوڵمانەکانی ڕۆهینجیا.

زیاتر لە نیو ملیۆن ڕۆهینجیا لە چەند هەفتەیەکدا لە سنوورەکان پەڕینەوە و هەڵهاتن بۆ بەنگلادیش، ئەمەش دوای ئەوەی چەکدارانی ڕۆهینجیا چەند هێرشێکیان کردە سەر هێزەکانی ئاسایش و لە وەڵامدا سوپای میانمار کەمپینێکی سەربازیی دەستپێکرد دژی موسوڵمانەکانی ڕۆهینجیا و ناچاری کردن لە وڵاتەکە هەڵبێن.

ئەم کەمپینە سەربازییەی سوپای میانمار بووە هۆی دروستبوونی پێشێلکارییەکی زۆر و وڵاتانی جیهان سەرکۆنەی ئەو کارەیان کرد، هەرچەندە بەرپرسانی میانمار هێشتا ڕەتی دەکەنەوە هیچ قەیرانێک هەبێت.

تیلەرسن وتی " ئێمە بەڕاستی سەرکردایەتی سوپای میانمار بە بەرپرسیار دەزانین لەوەی کە لە ناوچەی ڕاخیندا ڕوودەدات، ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە ئەوەی کە جیهان ناتوانێت هەروا دەستەوەستان بوەستێت و تەماشای ئەو پێشێلکارییانە بکات کە ئەنجام دەدرێن لە ناوچەکەدا."

لێدوانەکانی تیلەرسن دوای ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی ئامنستی بۆ مافەکانی مرۆڤ هات و ڕاپۆرتەکەش لە چاوپێکەوتنی چالاکەوانانی ڕێکخراوەکە لەگەڵ زیاتر لە 100 پەنابەردا سەرچاوەی گرتووە و تیایدا هاتووە دەڵێت هێزەکانی ئاسایش سەدان ڕۆهینجیایان کوشتووە لەکاتێکدا هەوڵیانداوە لە گوندەکانیان هەڵبێن و سوتێنراون، ئەو کەسانەی کە تەمەنیشیان هەبووە یاخوود نەخۆش بوون نەیانتوانیوە هەڵبێن.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە دەڵێت لە هەندێک گونددا هێزەکانی ئاسایش دەستدرێژی سێکسیان کردۆتە سەر ئافرەتان و کچەکان.

تیلەرسن وتی " دەبێت کەسێک بەرپرسیاری ئەم پێشێلکارییانە بێت."

وتیشی " ئەوە بەندە بە سەرکردایەتی سوپای میانمارەوە کە دەیانەوێت بە چ ئاڕاستەیەکدا بڕۆن بەرەو داهاتووی بورما "میانمار" چونکە ئێمە بورما بە شوێنێکی گرنگی دیموکراسی دەزانین، بەڵام ئەمە تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ دەسەڵاتی ئەو حکومەتە و چۆنێتی مامەڵەکردنیان لەگەڵ ئەم کێشە جدییەدا."

سەرچاوە/ VOA

XS
SM
MD
LG