Accessibility links

شاندێکی ئەمەریکی بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەدەچێت


بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا وتی تیمێکی نوێنەرانی ئەمەریکا بەمزووانە بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێدەکەون تاوەکو لەگەڵ هاوپەیمانە سەرەکییەکانی ئەمەریکادا کۆببنەوە، ئەمەش لەنێوەندی زیادبوونی ترسەکان لە ناوچەکەدا لەسەر هەوڵەکانی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بۆ دووبارە گەڕانەوە بۆ سەر ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران.

بەرپرسەکە وتی " هەفتەی داهاتوو شاندێکی باڵا سەردانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، ئەوەش بەمەبەستی تاوتوێکردنی کۆمەڵێک بابەتی گرنگی پەیوەندیدار بە ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا و هەوڵە بەردەوامەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا."

سەرچاوەیەکی نزیک وتی ڕێکخەری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا بۆ سیاسەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست برێت مکگۆرگ و ڕاوێژکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دێریک شولیە ڕابەرایەتی شاندەکە دەکەن.

سەرەڕای ئەوەی هێشتا ئاڕاستەی سەردانەکە دیار نیە، پلانێکی سەرەتایی هەیە بۆ سەردانیکردنی سعودیە و ئیماڕات و میسڕ و ئوردن.

زۆرێک لە هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا ترسیان لە هەوڵەکانی بایدن هەیە بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران، لەوە دەترسن دووبارە جێبەجێکردنەوەی ڕێکەوتنەکە ببێتەهۆی ئەوەی ڕێگە بە تاران بدرێت ببێتە خاوەنی چەکی ناوەکیی.

لەم هەفتەیەدا خولی سێیەمی دانوستانەکان سەبارەت بە ڕێکەوتنە ناوەکییەکە لە ڤییەنا بەڕێوەچوو، ئامانج لێی ڕێکەوتنە لەسەر ئەو هەنگاوانەی کە دەبێت بگیردرێنەبەر لەکاتێکدا ئەگەر ڕێکەوتنەکە دووبارە زیندووبکرێتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG