Accessibility links

بەڕێوبەرایەتیەکەی بایدن گۆڕانکاری لە سیاسەتی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕادەگەیەنێت


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن

ئەمەریکا بە ڕابەرایەتی سەرۆک جۆو بایدن گۆڕانکاری تەواوی سیاسەتی ئەمەریکای لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاگەیاند و یەکێک لەو گۆڕانکارییانە " پێداچوونەوەیە " بە پشتیوانی سەربازی وڵاتەکە بۆ وڵاتانی کەنداو و هەروەها ئاماژەی بەوەدا دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران " کاتی دەوێت."

پێدەچێت داهاتووی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران کە سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لێی کشایەوە، یەکێک بێت لە ئەرکە سەرەکییەکان لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا.

بەڵام وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن دوای تەنها یەک ڕۆژ لە دەستبەکاربوونی وەکو وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی " سەرۆک بایدن ڕوونیکردۆتەوە ئەگەر ئێران دووبارە پابەند بێت بە سەرجەم بەرپرسیارێتیەکانی لە ڕێکەوتنەکەی 2015 دا ئەوا ئەمەریکاش هەمان شت دەکات."

وتیشی " ئێران لە زۆر ڕووەوە پابەندی بەرپرسیارێتیەکانی نەبووە، ئەگەر ئەم بڕیارە بدرێت ئەوا کاتی دەوێت بۆ گەڕانەوە بۆ ئاڕاستە ڕاستەکە، هەروەها کاتی دەوێت تاوەکو بتوانین هەڵسەنگاندنێک بکەین لەسەر ئەوەی ئایا پابەندی بەرپرسیارێتیەکانی بووە یاخود نا، هێشتا زۆر دوورین لەوەوە، تەنها دەتوانم ئەمە بڵێم."

لەلایەکی دیکەشەوە واشنتن گرێبەستەکانی فرۆشتنی چەکی ئەمەریکای ڕاگرت تاوەکو پێداچوونەوەیان پێدا بکات. ئەنتۆنی بلینکن وتی ئەمەش بەمەبەستی ئەوەیە دڵنیا ببینەوە لەوەی کە ئایا گرێبەستەکان " ئامانجە ستراتیژییەکانی دەپێکێت یاخود نا." لەو گرێبەستانەش کە ڕاگیراون گرێبەستەکانی چەکن لەگەڵ سعودیە و ئیماڕاتدا.

جێی ئاماژەیە سعودیە ڕابەرایەتی هاوپەیمانێتیەکی سەربازی دەکات لەگەڵ حکومەتی یەمەندا دژی حوسییەکانی یەمەن کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانیان لێدەکرێت.

هەفتەی ڕابردوو وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن بەڵێنی " کۆتایی هێنانیدا " بە پشتیوانی ئەمەریکا لەو هاوپەیمانێتیە کە بە تۆمەتی ئەنجامدانی کۆمەڵێک هەڵەی دیار دژی هاوڵاتیانی مەدەنی یەمەنی تۆمەتبار کراوە، ڕۆژی چوارشەممەش وتی " ئەم هاوپەیمانێتیە لە هەندێک کاتدا بەشداربووە لە خستنەوەی خراپترین قەیرانی مرۆیی لەمڕۆدا لە جیهان."

لە هەمان کاتیشدا جەختی لەوە کردەوە پێداچوونەوە بە بڕیاری " ناساندنی حوسییەکانی یەمەن دەکات وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی " ، ئەمەش دوای ئەوەی ڕەخنەیەکی توند لە بەڕێوبەرایەتیەکەی پێشووی ئەمەریکا گیرا لەسەر ئەو بڕیارە، هەروەها ڕێکخراوە خێرخوازییەکان دەڵێن ئەو بڕیارە هەڕەشە لە گەیشتنی یارمەتیە مرۆییەکان دەکات بۆ ئەو شوێنە بەرفراوانانەی کە لەژێر دەسەڵاتی حوسییەکاندان لە یەمەن.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG