Accessibility links

گرژییە سیاسییەکانی ئیسڕائیل لەوانەیە ببێتە هۆی لەکارخستنی پلانی ئاشتی ئەمەریکا


سێ بەرپرسە سەرەکییەکەی پلانی ئاشتی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئۆرشەلیم کۆبوونەوە بەڵام هیچ ئاماژەیەکیان نەدا لەسەر ئەگەری دواخستنی پلانەکە بەهۆی گرژییە سیاسییەکانی ناوخۆی ئیسڕائیلەوە.

جارێد کوشنەری ڕاوێژکاری سەرۆک ترامپ و نوێنەری ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جەیسن گرنبلات چاویان بە سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو کەوت، ئەمەش لەمیانەی سەردانەکەی کوشنەردا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەمەبەستی کۆکردنەوەی پشتیوانی لەو کۆنگرە ئابوورییەی کە وابڕیارە لە کۆتایی مانگی حەوتدا لە بەحرەین بەڕێوەبچێت.

بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ وتی پێشبینی ئەوە دەکات کۆنگرە ئابوورییەکە بەکاربهێنێت بۆ ڕاگەیاندنی قۆناغی یەکەمی ئابووری پلانەکە کە ئامانج لێی چارەسەرکردنی ململانێکانی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستینە. سەرۆک ترامپیش ئەم پلانە بە گرێبەستی سەدە ناودەبات.

بەرپرسێکی ئەمەریکی وتی " کۆنگرەکەی بەحرەین هەر لە 25 و 26ی مانگی حەوتدا لە بەحرەین بەڕێوەدەچێت."

بەرپرسەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ڕۆیتەرزی وت بەشی ئابووری پلانەکە کە مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەتانەدا دەکات کە ئیسڕائیل و فەڵەستین لەسەری ناکۆکن، لە کاتێکی گونجاودا ئاشکرا دەکرێت.

کوشنەر و گرینبلات گەیشتنە ئیسڕائیل، ئەمەش لەکاتێکدا کە ئیسڕائیل ڕایگەیاند بۆ جاری دووەم هەڵبژاردن ئەنجام دەدات دوای ئەوەی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو شکستی هێنا لە پێکهێنانی حکومەتدا، ئەندامانی کنیست دەنگیاندا بەوەی لە 17ی مانگی نۆدا هەڵبژاردنێکی دیکە ئەنجام بدرێت.

ناتانیاهو لەمیانەی لێدوانە هاوبەشەکانیدا لەگەڵ کوشنەر هەوڵیدا لە شکستەکەی کەم بکاتەوە و وتی " ڕووداوێکی بچووک بوو دوێنێ شەو ڕوویدا."

وتیشی " ئەوە ڕامان ناگرێت، بەردەوام دەبین لەکارکردنمان پێکەوە."

سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل وتی " من زۆر بەپەرۆشەوەم بۆ ئەوەی ئەمەریکا دەیکات بەڕابەرایەتی سەرۆک ترامپ کە هاوپەیمانانی لە ناوچەکەدا کۆکردۆتەوە بەڕووی کێشە هاوبەشەکانماندا."

کوشنەر ئاماژەی بە پلانەکە نەکرد بەڵام وتی " ئاسایشی ئیسڕائیل گرنگترین شتە بۆ واشنتن و زۆر بەپەرۆشەوەین بۆ ئەو هەلانەی کە چاوەڕێی ئیسڕائیل دەکەن و بە پەرۆشیشەوەین بۆ پەیوەندییە هاوبەشەکانی نێوانمان."

جێی ئاماژەیە وابڕیاربوو لە کۆتای ساڵی 2018یان لە سەرەتای ساڵی 2019 دا پلانی ئاشتی ئەمەریکا ڕابگەیەنرێت، بەڵام بەهۆی هەڵبژاردنەکانی ئیسڕائیل و پێکهێنانی حکومەتەوە دواخرا. ئێستاش ڕوون نیە کە ئایا بڕیار دەدەن بۆ دووبارە دواخستنەوەی ڕاگەیاندنی پلانەکە بۆ دوای هەڵبژاردنەکانی مانگی نۆ یاخود نا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG