Accessibility links

سەرۆک ترامپ دەڵێت چاوەڕێی ئازادکردنی ئەمەریکایـیە دەسـتگیرکراوەکانی لای کۆریای باکور بکەن


سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی داوە کە شیانی هەیە ئەو سێ ئەمەریکایـیەی لە کۆریای باکور دەسـتگیرکراون، لەم زووانە ئازادبکرێن، ئەمەش پاش ئەو هەواڵانەی باس لەوە دەکەن ئەم سێ دەستگیرکراوە بەرەو هوتێلێک لە نزیک پـیۆنگ‌یانگ گواستراونەتەوە.

سەرۆک ترامپ لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی"وەک هەموو لایەک دەزانن، بەڕێوەبەرایەتی پـێشوو بۆ ماوەیەکی دورودرێژ داوای ئازادکردنی ئەم سێ بارمتەیەی نێو کەمپی کاری کۆریای باکور دەکرد، بەڵام بێ سوود بوو. چاوەڕێ بکەن!"

پـێشتر ئاژانسی دەنگ‌وباسی کۆریای باشور بڵاویکردەوە کە سەرچاوەیەک لە کۆریای باکور ئاشکرایکردووە هەرسێ هاوڵاتی کیم هاک و تۆنی کیم و کیم دۆنگ شول لە سەرەتای مانگی چوارەوە لە زیندانەوە گواستراونەتەوە بۆ هوتێلێکی نزیک پـیۆنگ‌یانگی پایتەخت، ئەمەش لەسەر فەرمانی کاربەدەستانی باڵا.

لە لایەکی دیکە کاربەدەستێک کە ئاگاداری دانوستاندنەکانە لە بارەی ئەو سێ ئەمەریکایـیە، بە کەناڵی CNN ی گوت ئازادکردنی ئەم سێ ئەمەریکایـیە نزیکبووەتەوە. گوتوشیەتی کۆریای باکور دوو مانگ لەمەوبەر بڕیاری ئازادکردنیانی داوە.

جێی ئاماژەیە کیم دۆنگ شول قەشەیەکی ئەمەریکایی‌یە و بە ڕەچەڵەک خەڵکی کۆریای باشورە و لە ساڵی 2015 وە لە کۆریای باکور دەسـتگیرکراوە بە تۆمەتی وەرگرتنی فلاش میمۆریـیەک لە کۆنە سەربازێکی کۆریای باکورەوە کە زانیاری لەشکری و ناوکی پـیۆنگ‌یانگی تیادابووە. دەسەڵاتدارانی کۆریای باکور لە ساڵی 2016 حوکمی 10 ساڵ زیندانی و کاری قورسیان بۆ دەرکرد.

بەڵام کیم هاک و تۆنی کیم لە زانکۆیەکی پـیۆنگ‌یانگ کاریان دەکرد و ساڵی ڕابردوو دەستگیرکران بە تۆمەتی ئەنجامدانی کرداری دوژمنکارانە.

XS
SM
MD
LG