Accessibility links

تیڕوانینی سیناتۆران بۆ کەیسی کوژرانی خاشقچی


بە پێچەوانەی بۆچوونەکانی سەرۆک ترامپ، سیناتۆرەکانی کە لەگەڵ بەڕێوەبەری دەزگای CIA جینا هاسپێڵ کۆبوونەوە دەڵێن ئەوان بڕوایان بەهێزتربووە بەوەی شازادەی جێنشینی سعودیە محەمەد بن سەلمان دەستی هەبووە لە کوشتنی ڕۆژنامەوان جەمال خاشقچی.

بەڕێوەبەری کۆمیتەی پەیوەندییە دەرەوەییەکانی سینات بۆب کرۆکەری کۆماری نوێنەری تێنسی دەڵێت لەو بڕوایەدایە ئەگەر شازادەی جێنشینی عەرەبستانی سعودیە بدرێتە دادگا دەستەی سوێندخۆران بە تەنها " 30 چرکە" بە تاوانباری دەزانن. سیناتۆر لێنزی گراهمی کۆماری نوێنەری کارۆلاینای باشور کە خۆی داوای ئەوەی کردبوو سەرۆکی CIA لە بابەتەکان ئاگاداریان بکاتەوە، دەڵێت هیچ گومان لەوەدا نییە کە شازادەی جێنشین دەستی نەبووبێت لەم کوشتنەی خاشقچیدا.

گراهام گوتی " بەڵگەی حاشا هەڵنەگر نییە، بەڵام بەڵگەی میشار هەیە." مەبەستی ئەو ڕاپۆرتەی حکومەتی تورکیا بوو کە دەڵێت کارمەندەکانی سعودیە میشاری بڕینی ئێسکیان بەکارهێنابوو بۆ لەتکردنی تەرمەکەی خاشقچی پاش ئەوەی لە کۆنسۆڵخانەی عەرەبستانی سعودیە لە ئەستەنبوڵ کوشتیان.

لە ئێستادا سیناتۆرەکان بەدوای ئەو ڕێگەیانەدا دەگەڕێن کە ئەو هاوپەیمانە لەمێژینەی ئەمەریکای پێ سزا بدەن. ئەنجومەنی سینات بە زۆرینەی دەنگ لە هەفتەی ڕابردوو بڕیاری سنووردارکردنی پشتیوانی ئەمەریکای بۆ شەڕی یەمەن بە ڕێبەرایەتی عەرەبستانی سعودیە پەسەندکرد.

هەتا ئێستا ڕوون نییە چۆن و بە چ شێوەیەک ئەو بڕیارە جێبەجێ دەکرێت. لە میانەی دەنگدانەکەی هەفتەی پیشوو باس لە ڕێوشوێنەکان کران کە دەشێت لە هەفتەی داهاتووەوە دەستپێبکات، بەڵام هێشتا سیناتۆرەکان لە وتووێژدان لەسەر ئەوەی ئایە گۆڕانکاری تێدابکەن یان دەبێت جێبەجێی بکەن.

هاسپڵ لەگەڵ گروپێکی کەم لە سیناتۆرەکان کۆبووەوە، لە ناویاندا بەرپـرسەکان و دیموکراتە باڵاکانی کۆمیتەی سەرەکی ئاسایشی نیشتمانی، پاش ئەوەی سیناتۆرەکانی هەردوو پارتی گازندەی ئەوەیان کردبوو کە لە کۆبونەوەکەی هەموو سینات لەگەڵ وەزیری دەرەوە مایک پەمپـێـیۆ و وەزیری بەرگری جیم ماتس لە هەفتەی ڕابردوو بەشداری نەکرد.

پەمپـێیۆ و ماتس هەوڵیان دا سیناتۆرەکان ساردبکەنەوە لە سزادانی عەرەبستانی سعودیە بەو بڕیارە و گوتیان دەستێوەردانی ئەمەریکا لە یەمەن نێوەندی ئامانجی بەڕێوەبەرایەتی ترامپە بۆ سنووردارکردنی کاریگەری ئێران لە ناوچەکەدا. گروپەکانی مافەکانی مرۆڤ دەڵێن ئەو شەڕە بۆتە هۆی بێسەروبەری لە وڵاتەکە و خەڵکانی سیڤیل بەبێ جیاوازی ئامانجی بۆردومانەکانن.

ئەوان هەردووکیان وەکو ترامپ ڕاستەوخۆ شازادەی جێنشینی عەرەبستانی سعودیەیان تاوانبار نەکرد.

پەمپـێـیۆ گوتی " هیچ ڕاپۆرتێکی ڕاستەوخۆ" نەبووە کە شازادە بن سەلمان پەیوەندی بەو کوشتنەوە هەبووبێت و ماتسیش گوتی " "بەڵگەی حاشاهەڵنەگر" نییە کە پەیوەندی پێوە هەبووبێت.

پاش ئەو کۆبوونەوەی، گراهم هەڕەشەی ئەوەی کرد لەسەر پرسە گرنگەکان دەنگ نەدات تا ئەو کاتەی لەگەڵ هاسپڵ کۆنەبێتەوە.

سیناتۆری ئیلینۆی ڕیچارد دوربن گوتی لە کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ سەرۆکی CIA زانیاری زۆر زیاتریان بەدەست کەوتووە لەوەی لەگەڵ ماتس و پەمپێـیۆ.

دوربنیش هاوشێوەی ڕێبەری دیموکراتەکان چەک شومەر داوا دەکات سەرۆکی CIA ئەو زانیاریانە بدات بە تەواوی ئەندامانی ئەنجومەنی سینات و گوتی " ئەوەی من گوێم لێ بوو پێویستە هەموو سیناتۆرەکان بیبیستن."

خاشقچی دوو مانگ لەمەو بەر کوژرا. ئەو ڕۆژنامەوانەی کە ماوەیەک لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ژیابوو و بۆ واشنتۆن پۆست وتاری دەنووسی، ڕەخنەگرێکی سەرەکی ڕژێمی عەرەبستانی سعودیە بوو. کاربەدەستانی دەزگای زانیاری ئەمەریکا گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە شازادەی شانشینی سعودیە هەر هیچ نەبێت ئاگاداری ئەو پیلانە بووە، بەڵام سەرۆک ترامپ نایەوێت بە تەواوەتی تاوانباری بکات. ترامپ چەند جارێک دووپاتی کردووەتەوە کە ڕەنگە دەستی تیادا بووبێت و ڕەنگە واش نەبێت.

سەرچاوە/ ئەسۆشیەتد پـرێس

XS
SM
MD
LG