Accessibility links

ڕۆژنامەنووسێکی ئەمەریکی سزای 11 ساڵ زیندانیکردنی لە میانمار بەسەردا سەپێندرا


ڕۆژنامەنووسی ئەمەریکی دانی فێنستەر

پارێزەرەکەی ڕۆژنامەنووسە ئەمەریکیەکە وتی دادگایەکی دەسەڵاتی سەربازی لە میانمار سزای 11 ساڵ زیندانی بەسەر ڕۆژنامەنووسەکەدا سەپاندووە، ئەوەش بە تۆمەتی ئەنجامدانی کاری نایاسایی و هاندان دژی سوپا و پێشێلکردنی یاساکانی ڤیزا.

دوای ئەوەی لە مانگی دوودا لەڕێی کودەتایەکی سەربازییەوە دەسەڵاتی میانماری گرتەدەست، سوپای وڵاتەکە ڕۆژنامە و ڕاگەیاندنەکانی سەرکوتکردووە، دەیان ڕۆژنامەنووسی دەستگیرکردووە کە ڕەخنەیان لە کودەتاکە گرتووە، بەپێی ڕێکخراوێکی چاودێری ناوخۆ بەهۆی کودەتاکەوە زیاتر لە 1200 کەس کوژراون.

ڕۆژنامەنووسی ئەمەریکی دانی فێنستەر بۆ ماوەی ساڵێک کاری بۆ ڕۆژنامەی فڕۆنتیەری میانمار کردووە، لە مانگی پێنجدا کاتێک دەیویست وڵاتەکە جێبهێڵێت و بگەڕێتەوە ناو کەسوکاری، دەستگیرکرا.

ڕۆژنامەکە لە بەیاننامەیەکدا وتی " فڕۆنتیەری میانمار نائومێد بووە بە بڕیارەکەی ئەمڕۆ بۆ تاوانبارکردنی دانی فێنستەر بە سێ تۆمەت و سەپاندنی سزای 11 ساڵ زیندانی بەسەریدا."

فێنستەر کە پێشتر لە زیندانی یانگۆن ئینسێن دەستبەسەرکرابوو، ڕووبەرووی تۆمەتی ئاژاوەنانەوە و تیرۆریش بۆتەوە، کە ئەگەر ئەو تاوانانەی بەسەردا بسەپێندرێت ئەوا ڕووبەڕووی زیندانیکردنی تا هەتایی دەبێتەوە.

ڕۆژنامەکە وتی " هەموومان لە فڕۆنتیەر نائومێد و بێزار بووین بەم بڕیارە. تەنها دەمانەوێت دانی بەزووترین کات ئازاد بکرێت تاوەکو بتوانێت بچێتەوە لای کەسوکارەکەی."

ڕاوێژکاری باڵای گروپی قەیرانەکانی میانمار ڕیچارد هۆرسی سزادانەکەی بە " خراپکاری " ناودێر کرد.

وتی " ئەمە پەیامێک دەگەیەنێت بە نەک تەنها ڕۆژنامەنووسە نێودەوڵەتیەکان، بەڵکو ڕۆژنامەنووسانی میانماریش کە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ڕاست لەسەر بارودۆخەکە دەبێتە هۆی زیندانیکردنیان بۆ چەند ساڵێکی زۆر."

ئاماژەشی بەوەدا دیبلۆماتکارە ئەمەریکیەکان کاردەکەن بۆ ڕزگارکردنی.

وتی " لەڕێی کەناڵە دیبلۆماتیەکانەوە چارەسەر دەکرێت و هیوادارین بەخێرای چارەسەر بکرێت. بەڵام ئاشکرایە سزاکە شکستهێنانێکی گەورەی هەوڵەکانی ئەمەریکایە."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG