Accessibility links

ئەمەریکا ڕازی دەبێت بە فرۆشتنی موشەکی بەرگری بە ژاپۆن


بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی حکومەتی ئەمەریکا ڕازی بووە بە فرۆشتنی موشەکی دژە موشەکی باڵیستیکی بە ژاپۆن بۆ بەرگریکردن لە خۆی لەبەرامبەر هەڕەشە ناوەکیی و موشەکییەکانی کۆریای باکووردا.

ئەم هەواڵەش لەکاتێکدا دێت کە هەردوو کۆریای باکوور و کۆریای باشوور یەکەمین گفتوگۆی نێوانیان ئەنجام دەدەن دوای زیاتر لە دوو ساڵ بە ئامانجی چارەسەرکردنی کێشەی بەرنامە ناوەکییەکەی کۆریای باکوور.

ئەم ڕێکەوتنەش ساڵێک دوای ئەوە دێت کە کۆریای باکوور ژمارەیەک موشەکی بەسەر خاکی ژاپۆندا هەڵدا و هەروەها شەشەمین تاقیکردنەوەی ناوەکیی ئەنجامدا. ئەم کارانەش بوونە هۆی ئەوەی ئەمەریکا هەوڵبدات سزا نێودەوڵەتییەکانی سەر کۆریای باکوور توندتر بکاتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە داوای لە کۆنگرێسی ئەمەریکا کرد ڕازی ببێت بە فرۆشتنی چوار موشەک بە ژاپۆن بە بڕی 133 ملیۆن دۆلار. دەتوانرێت ئەم موشەکانە لە کەشتیە جەنگییەکانەوە یاخوود لە وشکانیەوە هەڵبدرێت.

بەرپرسەکە وتیشی فرۆشتنی ئەو موشەکانەی کە کۆمپانیای بی ئەی ئی سیستمز بەرهەمی دەهێنێت لەگەڵ ئەو بەڵێنەی سەرۆک ترامپدا دێت بۆ پێشکەش کردنی توانای بەرگری زیاتر بۆ هاوپەیمانەکانی کە لەژێر هەڕەشەی ڕەفتارەکانی کۆریای باکووردان."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG