Accessibility links

بەڕێوەبەری پـێشووی FBI دەڵێت سەرۆک ترامپ داوای لێنەکردووە لێکۆڵینەوەکانی تایبەت بە ڕووسیا ڕابگرێت


بەڕێوەبەری پـێشووی دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدراڵی دەڵێت سەرۆک ترامپ داوای لێ نەکردبوو لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە مەسەلەی دەستێوەردانی ڕووسیا لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا ڕابگرێت.

جەیمس کۆمی ئەمڕۆ پـێنجشەممە دانیشتنێکی تایبەتی بۆ سازکرا لە کۆمیتەی هەواڵگری ئەنجومەنی سینات بۆ لێکۆڵینەوە لەگەڵی لەبارەی لابردنی لە پـۆستەکەی لە لایەن سەرۆک ترامپەوە و چۆنێتی مامەڵەکردنی لەگەڵ کەیسەکانی ڕووسیا و هەروەها لێکۆڵینەوەکانی پەیوەست بە مایکڵ فڵن ڕاوێژکاری پـێشووی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سـپی.

کۆمی گوتی هیچ گومانی لەسەر نیـیە کە حکومەتی ڕووسیا لە پشت هاککردنی کۆمپیوتەرەکانی حزبی دیموکرات بووبێت و دەستێوەردان لە هەڵبژاردنەکاندا هەبووبێت. باسی لەوە کرد ڕووسیا سەدان ماڵپەڕ و دەزگای ئەمەریکایی هاککردووە و هەوڵێکی زۆری دابوو سیستەمی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکاش هاکبکات.

گوتیشی لەو کاتەی ئەو بەڕێوەبەری FBI بوو لێکۆڵینەوە لەگەڵ سەرۆک ترامپ نەکرابوو و داواشی لێ نەکردبوو لێکۆڵینەوەکانی FBI سەبارەت بە ڕووسیا ڕابگرێت.

پاشان جەختی لەسەر سەربەخۆیی دەزگای FBI کرد و گوتی"دەمەوێت خەڵکی ئەمەریکا بزانێت دەزگای FBI دەزگایەکی پاک و سەربەخۆ و ڕاستگۆیە و دڵسۆزە بۆ کارەکەی."

لە بەشێـکی دانیشتنەکە کە نزیکەی 3 کاژمێر درێژەی کێشا، جەیمس کۆمی لە بارەی لابردنی لە کارەکەی گوتی "ئەو پاساوانەی هێنراونەتەوە بۆ لابردنم لە پـۆستەکەم زۆر بێزاری کردم."

سەرۆک ترامپ پـێشتر گوتبووی کۆمی کارەکانی دەزگای FBI ی بە باشی بەڕێوە نەبردووە.

بەڕێوەبەری پـێشووی FBI لە بەشێکی قسەکانی گوتیشی ناتوانێت بڵێت داواکەی سەرۆک ترامپ لێی بۆ وازهێنان لە لێکۆڵینەوەی تایبەت بە پەیوەندیـیەکانی نێوان مایکڵ فڵن و ڕووسیا دەچێتە خانەی کۆسپ خستنە بەردەم دادوەری یان نا.

گوتی " پـێموانیـیە من ئەو کەسەبم کە بڕیار بدەم ئەو وتووێژانەی لەگەڵ سەرۆک ترامپدا ئەنجامم دابوون هەوڵێکی سەرۆک بووبێت بۆ کۆسپ خستنە بەردەم دادوەری، بەڵام بۆخۆم بێزارکەربوو و جێی ئەوپەڕی نیگەرانی بوو."

XS
SM
MD
LG