Accessibility links

واشنتن داوا لە عێراق دەکات لێکۆڵینەوە بکات لە "زیادەڕۆیی" کردن لە بەکارهێنانی هێز دژ بە خۆپیشاندەران


ئەمەریکا داوای لە حکومەتی عێراق کرد لێکۆڵینەوەیەک بکەن لەسەر " زیادەڕۆیی " کردن لە بەکارهێنانی هێز دژ بە خۆپیشاندەرانی شاری ناسڕییەی عێراق و لێپێچینەوە لەو کەسانەی کە بەرپرس بوون لەو زیادەڕۆییە.

هێزەکانی ئاسایشی عێراق تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد دوای ئەوەی خۆپیشاندەرانی ناسڕییە پردێکیان گرت و دواتر لەبەردەم بنکەی پۆلیسی شارەکەدا گردبوونەوە، لە ئەنجامدا بەلایەنی کەمەوە 29 کەس کوژران. سەرچاوەکانی تەندروستی و پۆلیس وتیان دەیان کەسی دیکە برینداربوون.

لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانەوە لە عێراق لە مانگی 10، تا ئێستا زیاتر لە 400 کەس کوژراون و زۆربەیان خۆپیشاندەر بوون. هەروەها لە شەڕ و پێکدادانەکاندا زیاتر لە 12 کەس لە هێزەکانی ئاسایش کوژراون.

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەیڤد شینکەر بە ڕۆژنامەنووسانی وت " زیادەڕۆیی کردن لە بەکارهێنانی هێز لە ناسڕییە شتێکی سەرسوڕهێنەر و ناشرینە."

وتیشی " داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین ڕێز لە مافەکانی گەلی عێراق بگرێت و داوایان لێدەکەین لێکۆڵینەوەیەک بکەن و لێپێچینەوە لەو کەسانە بکەن کە دەیانەوێت لەڕێی توندڕەوییەوە خۆپیشاندەران بێدەنگ بکەن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG