Accessibility links

سەرچاوەکان: ئەمەریکا ڤیزا دەداتە جەواد زەریف تاوەکو بتوانێت ئامادەی کۆبوونەوەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان ببێت


دوو سەرچاوەی نزیک وتیان ئەمەریکا ڤیزای داوە بە وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریف تاوەکو بتوانێت ئامادەی کۆبوونەوەکەی ئەم هەفتەیەی نەتەوە یەکگرتووەکان بێت کە بارەگاکەی لە شاری نیویۆرکی ئەمەریکایە، وتیشیان وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆ بڕیارەکەی پەسەند کردووە.

ئەگەر پەمپیۆ پێدانی ڤیزای بە زەریف ڕەت بکردایەوە ئەوا ئەوە ئاماژەیە دەبوو بۆ ئەوەی ئەمەریکا کۆماری ئیسلامی زیاتر گۆشەگیر دەکات و پێدەچوو دەرگای لەبەردەم هەوڵە دیپلۆماسییەکانیش دابخستایە.

لەم مانگانەی دواییدا گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران زیادیانکرد دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بڕیاریدا هەناردەی نەوتی ئێران ڕابگرێت بەهۆی ترسەکانی لە بەرنامە ناوەکیی و موشەکیی و چالاکییەکانی ئێرانەوە لە ناوچەکەدا.

لەدوای ئەو بڕیارەی ئەمەریکاوە، دوو هێرش کرانە سەر کەشتیە نەوت هەڵگرەکانی کەنداو و واشنتنیش بەرپرسیارێتی ئەو هێرشانەی خستە ئەستۆی تاران، ئێرانیش ئەوەی ڕەت کردەوە. هەروەها ئێران فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئەمەریکی خستە خوارەوە و دواتر سەرۆکی ئەمەریکا بڕیاریدا هێرشی ئاسمانی بکرێتە سەر ئێران بەڵام لە دوایین ساتەکاندا لەو بڕیارە پاشگەزبۆوە.

لە 24 ی مانگی شەشدا وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا ستیڤن منوچن وتی لەم هەفتەیەدا سزا دەسەپێنین بەسەر وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریفدا.

سەرچاوە نزیکەکان بە ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرزیان وت واشنتن بڕیاریداوە سەپاندنی سزا بەسەر زەریفدا دوابخات.

شاندی سیاسی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان وتیان زەریف گەیشتۆتە نیویۆرک و ئامادەی کۆبوونەوەیەکی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێت، ئامانج لە کۆبوونەوەکە چارەسەرکردنی ململانێکان و برسێتی و یەکسانی لەنێوان ڕەگەزەکان و گۆڕانی کەش و هەوا دەبێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG