Accessibility links

ئەمەریکا تۆڕێک دەکاتە ئامانج کە پشتیوانی لە بەرنامەکانی چەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئێران دەکات


ڕۆژی سێشەممە ئەمەریکا سزای سەپاند بەسەر چوار لایەن و سێ کەسدا لە ئێران و تورکیا، بە تۆمەتی پشتیوانیکردن لە بەرنامەکانی چەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانیدا تۆمەتباری کردن، ئەوەش بەهۆی بەشداریکردنیانەوە لە پەیداکردنی کەلوپەلی وەکو بزوێنەری فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی ئەوروپی بۆ ئێران.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا وتی تۆڕەکە لە جیاتی وەزارەتی بەرگری ئێران کاردەکات و پێویستییەکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران دابین دەکات.

ئەم هەنگاوەی ئەمەریکاش نوێترین هەنگاوییەتی کە پیشەسازی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران دەکاتە ئامانج. لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا ئەمەریکا سزای سەپاند بەسەر تۆڕێکدا کە بنکەکەی لە چینە، ئەوەش بە تۆمەتی ئەوەی پارچەی فڕۆکەوانی گواستۆتەوە بۆ کۆمپانیایەکی ئێرانی کە بەشدارە لە بەرهەمهێنانی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەدا کە تاران بەکاریهێناون بۆ هێرشکردنە سەر تانکەرەکانی نەوت و هەناردەی ڕووسیای کردوون.

جێگری وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا بۆ کاروباری تیرۆر و هەواڵگری دارایی بڕایان نیڵسن لە بەیاننامەیەکدا وتی " ڕەوانەکردنی فڕۆکە بێفڕۆکەوان و چەکەکانی ئێران بۆ بریکارەکانی بەردەوامە لە تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و جیهانیش."

وتیشی " ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە ئاشکرا کردنی تۆڕی پەیداکەرەکان لە هەر شوێنێکدا کە پشتیوانی لە پیشەسازی سەربازی ئێران بکەن."

سزاکانی ئەمەریکا بریتی دەبن لە سڕکردنی سەرمایەی کەس و لایەنە بە ئامانجکراوەکان لە ئەمەریکا و بە گشتیش مامەڵەکردنی ئەمەریکییەکان لەگەڵیاندا قەدەغە دەکەن. ئەوانەشی کە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن مەترسی ئەوەیان لەسەرە سزا بدرێن.

ئەو کەس و لایەنانەی کە سزاکانی ڕۆژی سێشەممە دەیانگرێتەوە بریتین لە ناوەندی توێژینەوە و زانستی بەرگری کە بنکەکەی لە ئێرانە، ئەمانەڵا پایدار کە وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا دەڵێت وەکو بەڕێوبەرێکی بازرگانی و بریکارێکی پەیداکەر کاری کردووە بۆ ناوەندەکە. کۆمپانیای پیشەسازی ئەندازیاری فارەزان کە لەلایەن پایدارەوە دامەزرێندراوە.

هاوڵاتییەکی تورکی بە ناوی موڕات بوکیشەوە کراوەتە ئامانج. وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا موڕات بوکی تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی کارئاسانیکردن بۆ پەیداکردنی کۆمەڵێک پێداویستی بەرگری جۆراوجۆر بۆ پایدار، لەوانەش ئامێری دەستنیشانکەری کیمیایی و بایۆلۆجی.

خەزێنەی ئەمەریکا وتی بوکی " هەوڵیشیداوە بزوێنەری ئەوروپی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکی زەوی بۆ ئاسمان بۆ پایدار و فارەزان دابین بکات، هەروەها بە جیا نزیکەی 100 بزوێنەری ئەوروپی و کەلوپەلی پەیوەندیداری بە نرخی زیاتر لە 1 ملیۆن دۆلار بەو کۆمپانیایانە فرۆشتووە کە ڕەنگە کەلوپەلەکانیان گواستبێتەوە بۆ ئێران."

ساڵی ڕابردوو دادگای باڵای ئیسپانیا ڕازیبوو بە گواستنەوەی بوکی بۆ ئەمەریکا. لەسەر داوای داواکاری گشتی ئەمەریکا لە فڕۆکەخانەی بەرشەلۆنە دەستگیرکرا، دادگاکە دەڵێت ئەمەریکا گومانی ئەوەی لێدەکات لە ساڵی 2012 و 2013 لە ئەمەریکاوە هاوردەی کردبێت و لە ئێران خانەی سوتەمەنی فرۆشتبێت کە دەتوانرێت لە موشەکە باڵیستیکییەکاندا بەکاربهێندرێن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG