Accessibility links

ئەمەریکا دەڵێت چاوپۆشی کردنی کاتی لە چەند وڵات لە گەمارۆی نەوتی ئێران درێژ ناکاتەوە.


بڕایان هووک، نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ مەسەلەی ئێران

ئەمەریکا پێشتر ڕێگای بە هەشت وڵات لە نێویان دا تایوان، ژاپۆن، هند، کوریای باشور، چین، تورکیا، ئیتالیا و یونان دا بۆ ماوەی شەش مانگان نەوت لە ئێران بکڕن.

بڕایان هووک، نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا سەبارەت بە مەسەلەکانی ئێران ڕاگەیاند کە چاوپۆشی کردنی کاتی لە چەند وڵات لە گەمارۆی نەوتی ئێران درێژ ناکاتەوە.

بە گوێرەی ئاژانسی ڕۆیتێرز، بەڕێز هووک کە شەمە ٢٢ی بەفرانبار، (١٢ی مانگی ١) لە کۆبوونەوەیەکی پێشەسازی لە ئەبوو زەبی قسەی دەکرد جەختی لە سەر ئەو مەسەلەیە کرد.

حکومەتی ئەمەریکا دوای گەڕاندنەوەی گەمارۆکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران، لە نێویاندا کڕینی نەوت لە ئێران، ڕێگای بە هەشت وڵات تایوان، ژاپۆن، هند، کوریای باشور، چین، تورکیا، ئیتالیا و یونان دا بۆ ماوەی شەش مانگان نەوت لە ئێران بکڕن.

بەڕێز هووک گوتی کە ئێران ئێستا هەروا زیاتر کارتێکردنی گەمارۆکان بۆ سەر خۆی هەست پێدەکات و "٨٠ لە سەدی داهاتی حکومەتی ئێران لە ئاکامی فرۆشی نەوتە و رژیم ئەو داهاتە بۆ پشتیوانی لە تێرۆریسم بەکاردێنێت. ئێمە دەمانەوێت کە ئێران دەستی بە ئەو پارەیە نەگات کە پێویستێتی."

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە کاتی ڕاگەیاندنی ئەوە کە لە سەر مەسەلەی کڕینی نەوت دەتوانن چاوپۆشی لە چەند وڵات بکەن گوتبووی: هەر چەند ئێمە چاوپۆشیمان لە هەندێک وڵات کردوە کە کڕینی نەوت لە ئێران درێژ پێبدەن، بەڵام ٢٠ وڵات کڕینی نەوتیان ڕاگرتووە و ئەو وڵاتانەی کە ڕیگایان پێدراوە درێژە بە کڕینی نەوت بدەن، کڕینی نەوتیان لە ئێرانیان کەم کردۆتەوە."

هۆی چاوپۆشیکردن ئەوە بوو کە لە لایەک ئەو وڵاتانە لە ئەو ماوەیەدا دەرفەتیان هەبێت بێجگە لە ئێران وڵاتێکی دیکە بۆ کڕینی نەوت بدۆزنەوە و هەروەها بە دەستپێکی گەمارۆکانی ئێران بایی نەوت لە نەکاو بەرز نەبێتەوە.

بڕایان هوک لە درێژە گوتەکانی دا بە ئاماژە بە هاتنەدەر لە ڕێکەوتنی ناوکی گوتی: ئێمە خوازیاری ڕێکەوتنی نوێ و باشتر لە گەڵ ئێرانین بەڵام لە ئەم بوارەدا ئێمە میلیاردها دوڵارمان لە داهاتی ئەوان بڕێوە و لە گەڵ قەیرانی پارەی نەغد رووبەڕوون."

ئەو گوتیشی: کۆماری ئیسلامی بە بێ گوشار ناگەڕێتەوە سەر مێزی وتووێژ."

XS
SM
MD
LG