Accessibility links

بلینکن دەڵێت لەوە خاڵە نزیک دەبینەوە کە گەڕانەوە بۆ ڕێکەوتنە ناوکیـیەکە سوودی نیـیە


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن هاوتا ئەڵمانیەکەی هایکۆ ماس
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن هاوتا ئەڵمانیەکەی هایکۆ ماس

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن هۆشیاریدا لەسەر ئەوەی ئێران خەریکە کاتی نامێنێت بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێکەوتنە ناوەکییەکە، ئەوەش دوای ڕاپۆرتەکەی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی و پێشنیارەکانی تاران لەسەر ئەوەی کاتیان دەوێت بۆ گەڕانەوە بۆ گفتوگۆکان.

دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی ڕاپۆرتێکی توندی بڵاوکردەوە و تیایدا وتی " چاودێریکردنی ئەرکەکان لە ئێران بەجددی لاوازکراون "، ئەوەش دوای ئەوەی تاران هەندێک لە پشکنەرانی دەزگاکەی لە چالاکییە ناوەکییەکانی دوورخستەوە.

دوای ئەوەی ئیبراهیم ڕەئیسی وەکو سەرۆکی ئەو وڵاتە دەستنیشانکرا، ئێران پێشنیاری ئەوەیکرد گفتوگۆکان بۆ دووبارە زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان پێناچێت بۆ ماوەی دوو بۆ سێ مانگی دیکە دەستپێبکەنەوە.

بلینکن لە ئەڵمانیا بە ڕۆژنامەنووسانی وت " کاتێک دیاریناکەم بەڵام نزیک بووینەتەوە لەوەی بگەینە ئەو خاڵەی کە تیایدا بڵێین گەڕانەوە بۆ سەر ڕێکەوتنە ناوەکییەکە ئەو سودەی نابێت کە پێشتر ڕێکەوتنەکە هەیبووە."

لەلای خۆشیەوە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هایکۆ ماس وتی " دواخستنەکەی تاران زۆر دورودرێژ بوو." وتیشی لەگەڵ هاوتا ئێرانیەکەیدا بە تەلەفون قسەیان کردووە و پێی وتووە " خێراتر بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆکردن."

بەڵام ماس ئاماژەشی بەوەدا پێشبینی ئەوە لە حکومەتە نوێیەکەی ئێران دەکات کە پشتیوانی لە ئەنجامەکانی ئەو گفتوگۆیانە بکات کە تاوەکو ئێستا ئەنجامدراون.

سێ ساڵ لەمەوبەر سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ڕێکەوتنە ناوەکیەکەی ساڵی 2015 ی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان کشایەوە و سەرجەم سزاکانی سەپاندەوە بەسەر تاراندا، لەبەرامبەریشدا تاران زۆرینەی بەرپرسیارێتیەکانی لە ڕێکەوتنە ناوەکیەکەدا پشتگوێ خست.

بەڵام سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن دەیەوێت بگەڕێتەوە سەر ڕێکەوتنە ناوەکیەکە بەمەرجێک ئێران دووبارە پابەندی سەرجەم بەرپرسیارێتیەکانی ببێتەوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG