Accessibility links

سیناتۆرێکی کۆمارییەکان پێشبینی کشانەوەی سەرۆک ترامپ دەکات لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران


بۆب کۆرکەر

سیناتۆری کۆمارییەکان بۆب کۆرکەری سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا وتی پێشبینی ئەوە دەکات سەرۆک ترامپ لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران بکشێتەوە.

کۆرکەر لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێندا وتی " ڕێکەوتنە ناوەکییەکە بابەتێکی دیکەیە کە لە مانگی پێنجدا باسی لێوە دەکرێتەوە بەڵام لە ئێستادا وادیار نیە درێژ ببێتەوە."

وتیشی " پێم وایە لەوانەیە سەرۆک بکشێتەوە لێی ئەگەر هاوبەشە ئەوروپییەکانمان لە چوارچێوەی کاردا ڕێکنەکەون. وادیار نیە ئەوان ڕێکەون."

بەپێی بەڵگەنامەیەکی نهێنی کە دەستی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز کەوتووە فەڕەنسا و ئەڵمانیا پێشنیاریی سەپاندنی سزای نوێیان کردووە لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە بۆ سەر ئێران بەهۆی بەرنامە موشەکییە باڵیستییکییەکەی ئێران و ڕۆڵی وڵاتەکە لە جەنگی سوریادا، ئەمەش لە هەوڵێکدا بۆ ئەوەی واشنتن ڕازی بکەن لەسەر ڕێکەوتنە ناوەکییەکە بمێنێتەوە کە لەساڵی 2015 دا لەنێوان زلهێزەکانی جیهان و ئێراندا واژۆ کرا.

ئەم پێشنیارەش ستراتیژیی یەکێتی ئەوروپایە بۆ ڕزگارکردنی ڕێکەوتنەکە، بۆ ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ڕازی بکەن بەوەی کە ڕێگەی دیکە هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتەکانی ئێران لە دەرەوە.

سەرۆک ترامپ لە 12ی مانگی یەکدا کاتێکی بە وڵاتانی ئەوروپا دا تاوەکو ئەو هەڵانە چارەسەر بکەن کە لە ڕێکەوتنەکەدا هەیە ئەگەر نا ئەوا ڕەتی دەکاتەوە بەردەوام بێت لەسەر هەڵگرتنی سزاکانی ئەمەریکا لەسەر ئێران و دووبارە سزاکان دەسەپێنرێنەوە بەسەر ئێراندا.

هەروەها لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی کە ئایا پێی وایە سەرۆک ترامپ لە کۆتایی ئەو ماوە دیاریکراوەدا لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکە دەکشێتەوە؟ ، کۆرکەر وتی بەڵی.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG