Accessibility links

ئەمەریکا هیوادارە گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران دەستپێبکاتەوە


بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا دەڵێت واشنتن هیوادارە بەمزووانە گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران دەستپێبکاتەوە، هاوکات ئاماژەشی بە " مەترسیی " گەشەکردنی توانا ناوەکیەکانی ئێرانیدا.

بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا کە نەیویست ناوی خۆی ئاشکرا بکات بە ڕۆژنامەنووسانی وت " هیوادارین بتوانین لە ماوەیەکی کەمدا بگەڕێینەوە ڤییەنا ( بۆ گفتوگۆکان )."

ڕۆژی دووشەممە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی دەکرێت خولێکی دیکەی گفتوگۆکان لە سەرەتای مانگی یانزەدا دەستپێبکات.

جێی ئاماژەیە ڕۆژی سێشەممە و چوارشەممە بەرپرسانی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا و ئیسڕائیل لە واشنتن کۆدەبنەوە و چالاکیە ناوەکییەکەی ئێران بابەتی سەرەکی گفتوگۆکانیان دەبێت.

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئیسڕائیل ئیال هولاتا و هاوتا ئەمەریکیەکەی جەیک سۆلیڤان بەشداری کۆبوونەوەیەکی ڕاوێژکاری ستراتیژی نێوان ئەمەریکا و ئیسڕائیل دەکەن، نوێنەرانی سیاسی و سەربازی و هەواڵگری هەردوو وڵات ئامادەی کۆبوونەوەکە دەبن.

بەرپرسەکەی ئەمەریکا وتی " ڕێگای گفتوگۆکان لە ڤییەنا هێشتا کراوەیە، ئێرانیەکان ئاماژەیان بە ژمارەیەک لایەن داوە لەسەر ئەوەی ئامادەکاری دەکەن بۆ گەڕانەوە بۆ ڤییەنا و دووبارە بەشداریکردنەوە لەو پڕۆسەیەدا، بە شێوەیەکی بونیادنەرانە بێت یاخود نا."

بەرپرسەکە وتی سەرەڕای گومانەکانی ئیسڕائیل، بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆک بایدن باوەڕی وایە " ڕێگەی دیبلۆماتی هێشتا باشترین ڕێگەیە."

بەڵام بەرپرسەکەی کۆشکی سپی ئاماژەشی بەوەدا ئەمەریکا و حکومەتە نوێیەکەی ئیسڕائیل لەسەر ئەوە هاوڕان کە ئێران پێشڕەوییەکی خێرای کردووە لە بەرنامە ناوەکیەکەیدا، لەو کاتەوەی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ڕێکەوتنە ناوەکیەکەی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان کشایەوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG